دادگەریی عێراق 2 ملیار دیناری لە ساختەکارییەکی کارگەی چیمەنتۆی بادوش وەرگرتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادگەریی عێراق رایگەیاند، بڕی 2 ملیار دیناریان لە کەیسێکی ساختەکاریی دارایی لە پارێزگای نەینەوا گەڕاندووەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، کە پەیوەندیی بە کارگەی چیمەنتۆی بادوشەوە هەبووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادگەری، کە ئەمڕۆ دووشەممە 22-12-2025، بڵاویکردەوە، دادگەی لێکۆڵینەوەی نەینەوا، تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی، بڕی 2 ملیار دیناری عێراقی لە کۆمپانیایەک وەرگرتووەتەوە.
سەبارەت بە وردەکاریی ساختەکارییەکە، دادگە ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیایەک "راپۆرتی وەهمی" سەبارەت بە بڕی بەرهەمهێنانی کارگەی چیمەنتۆی بادوش پێشکێش کردووە، ئەوەش بە مەبەستی وەرگرتنی بڕێکی زیاتری سووتەمەنی بە شێوەیەکی نایاسایی.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەم ساختەکارییە لە ماوەی نێوان تشرینی دووەمی 2021 تاوەکو ئاداری 2023 کراوە.
دادگەی لێکۆڵینەوەی نەینەوا، جەختی لەوە کردەوە، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی دادوەری یەکەمی دادگەکە و دوای هەوڵێکی زۆر، ئەو بڕە پارەیە گەڕێندراوەتەوە و رێکارە یاساییەکانیش دژی هەموو ئەو کۆمپانیایانە بەردەوام دەبن کە بە مەبەستی قازانجی نایاسایی، زیان بە سامانی گشتی دەگەیێنن.
ئەحمەد عەبد رەبە، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ دووشەممە 22-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەک لیژنە ئاگاداری ئەو دۆسیە نین، بەڵام بەدواداچوونی بۆ دەکەین".
رۆژی یەکشەممە 21-12-2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی دووەم، بڕی 4 ملیار دیناری گەڕاندەوە کە لە تاوانێکی فێڵکردنی داراییدا دەستی بەسەردا گیرابوو. ئەو بڕە پارەیە لە سێ کۆمپانیای سەرپێچیکار وەرگیراوەتەوە، کە لە رێگەی گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بە شێوەی ساختە، سوودیان لە جیاوازیی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار وەرگرتووە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، جەختی کردەوە کە هەوڵەکانیان بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی ئەو کۆمپانیایانەی زیان بە سامانی گشتی دەگەیێنن، بەردەوام دەبن.
هەروەها رۆژی سێشەممە، 9ی کانوونی یەکەمی 2025ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دادگەی لێکۆڵینەوەی بەغدا/ کەرخی دووەم، بڕی شەش ملیار دیناری گەڕاندەوە کە پەیوەست بوو بە تاوانێکی فێڵی داراییەوە. ، پارەکە لە سێ کۆمپانیای سەرپێچیکار وەرگیراوەتەوە کە ویستوویانە لە رێگەی پرۆسەی گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بە شێوەی ساختەکاری، سوود لە جیاوازیی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار وەربگرن.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی دووشەممە، 12ی کانوونی یەکەمی 2025، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی رابردوودا 17,438,620 دۆلار (زیاتر لە 24 ملیار دینار)یان گەڕاندووەتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت. بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و بەدواداچوونی داواکراوان، هاریکارییەکانیان لەگەڵ تۆڕە جیهانییەکانی جێبەجێکردنی یاسا و پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) فراوانتر کردووە.
هەروەها، چەندین سیستمی ئەلیکترۆنییان بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت کارا کردووە، ئەوەش بە ئامانجی "شوێنکەوتنی جووڵەی پارە گوماناوییەکان لە دەرەوەی عێراق و ئاسانکردنی رێکارەکانی هاریکاریی نێودەوڵەتی" لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا.