سوودانی و ماکرۆن پرسی گواستنەوەی چەکدارانی پێشووی داعش بۆ عێراق تاوتوێ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی سووریا و پرسی ئەو چەکدارانەی پێشووی داعشیان تاوتوێ کرد، کە لە زیندانەکانی هەسەدەدان.

بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ هەینی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کردووە.

وەکو نووسینگەکەی دەڵێت، هەردوولا دۆخی سووریا و پەیوەندیی نێوان بەغدا و پاریسیان تاوتوێ کردووە.

یەکێکی دیکە لە پرسە سەرەکییەکانی پەیوەندییەکە، پرسی چەکدارانی پێشووی داعش بووە کە لە زیندانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دان. نووسینگەکەی دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگیی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لەلایەن وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، کردەوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو چەکدارانەی کە وڵاتینامەی ئەو وڵاتانەیان هەیە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی فەرەنساش پابەندیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پێشکێشکردنی پاڵپشتیی تەکنیکی و دارایی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی زیندانییانی داعش.

دەقی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی:

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت، کە تێیدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بارودۆخی ناوچەکە کرا.

لە پەیوەندییەکەدا دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی سوریا و گواستنەوەی کاتیی ژمارەیەک لە چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کە خاوەنی وڵاتینامەی بیانین و لە زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەستبەسەرن بۆ زیندانەکانی عێراق، تاوتوێ کران."

سەرۆکوەزیران جەختی لە گرنگی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لەلایەن وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کردەوە، بۆ وەرگرتنەوەی ئەو چەکدارانەی وڵاتینامەی ئەو وڵاتانەیان هەیە و دەستەبەرکردنی دادگاییکردن و سزادانی دادپەروەرانەیان.

سوودانی سوپاسی رۆڵی فەرەنسای کرد لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش و جەختی لە بەردەوامیی هاوکارییە دووقۆڵییەکان لە بوارەکانی ئەمنی و بەرگری و پەرەپێدانی توانای جەنگیی هێزە چەکدارەکانمان کردەوە.

لای خۆیەوە، سەرۆکی فەرەنسا پیرۆزبایی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی کرد و ستایشی هەڵوێستەکانی عێراقی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کرد، هەروەها دەستخۆشی لە رۆڵی حکومەتەکەی سوودانی کرد لە ئیدارەدانی قەیرانە هەرێمییەکان و هەنگاوەکانی حکومەتی بە هۆکاری سەقامگیری ناوچەکە و پشتیوانی لە چارەسەری بەردەوام ناوبرد؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە فەرەنسا پابەندە بە پێشکەشکردنی پاڵپشتی تەکنیکی و دارایی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی زیندانیانی داعش.