بەرپرسێکی باڵای عێراق بۆ رووداو: 150 چەکداری پێشووی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا 150 چەکداری پێشووی داعشی لە ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی هەسەدەوە بۆ عێراق گواستەوە، کە بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمنیی عێراقی، بەشی زۆریان ئەورووپین. سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا داوا دەکات وڵاتانی ئەورووپا هاووڵاتییەکانیان ببەنەوە.
رۆژی چوارشەممە، سوپای ئەمریکا 150 چەکداری پێشووی داعشی بۆ عێراق گواستەوە. بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی بە رووداوی راگەیاند، ئەو دەستبەسەرکراوانە "زۆربەیان سەرکردەی رێکخراوی داعش و لە مەترسیدارترین تاوانبارانن."
بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەکان بۆ رووداو، لەنێو ئەو گرووپەدا هەڵگری وڵاتینامەی جیاواز هەن، لەوانە ئەورووپی، سوودانی، سۆماڵی و خەڵکی ناوچەی قەوقاز. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانە بەشی زۆریان لە ئاستی "ئەمیر"دان و لە هێرشەکانی ساڵی 2014ی رێکخراوە پەڕگیرەکە بۆسەر عێراق و سووریا بەشدار بوون.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پرۆسەی گواستنەوەی نزیکەی 7000 چەکداری پێشووی داعش بۆ عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەشێک لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رادەستی سوپای سووریا دەکەنەوە، کە پێشڕەوییەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە دەستپێکردووە.
دۆسیەی چەکدارە بیانییەکان و گوشاری سوودانی
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە گواستنەوەی ئەو چەکدارانە دەڵێ: "تیرۆریستە ناعێراقییەکان بە شێوەیەکی کاتی لە عێراق دەبن."
هاوکات، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کرد کە "بەرپرسیارێتی هەڵبگرن" و هاووڵاتییە داعشەکانیان وەربگرنەوە و لە وڵاتانی خۆیان دادگاییان بکەن.
بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆی ئەو 150 ئەندامەی داعش تەنیا 19یان عێراقین."
ئەو بەرپرسە ئەمنییە گوتیشی، "زۆربەی ئەو کەسانە سەرکردە و پلە باڵای داعش بوون."
یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانیی خۆی نیشانداوە لە هەواڵی هەڵاتنی چەکدارانی بیانیی داعش لە سووریا و رایگەیاندووە چاودێریی گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ عێراق دەکات.
ترس لە هەڵاتنی زیندانییەکان و دۆخی کەمپی هۆل
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە بە نیویۆرک پۆستی راگەیاند، یارمەتیدەر بووە لە رێگریکردن لە شکاندنی زیندانی چەکدارانی پێشووی داعش. ئەوەش دوای ئەوە هات کە سوپای سووریا تۆمەتی ئەوەی خستە پاڵ هەسەدە کە زیندانییەکانی لە زیندانی شەدادی ئازاد کردووە، بەڵام هەسەدە رەتی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، دوای هێرشی دیمەشق کۆنتڕۆڵی زیندانەکەیان لەدەستداوە. دواتر دەسەڵاتدارانی سووریا رایانگەیاند، 81 هەڵاتوویان دەستگیرکردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە دۆخی مرۆیی و ئەمنی لە کەمپی هۆل، کە گەورەترین کەمپی خێزانەکانی داعشە ناجێگیرە. سێلین شمیت، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە سێ رۆژە نەیانتوانیوە بچنە ناو کەمپەکە.
کەمپی هۆل نزیکەی 23 هەزار کەسی تێدایە، کە زۆربەیان سووریایین، بەڵام نزیکەی 2200 عێراقی و 6200 ژن و منداڵی بیانیی وڵاتانی دیکەشی تێدایە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دوای رێککەوتنی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، رایگەیاند کە حکومەت بەرپرسیارێتی زیندانیانی داعش لە ئەستۆ دەگرێت.