حەشدی شەعبی روونکردنەوە لەسەر دەستگیرکردنی برازای وەزیری بەرگری دەدات

رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەى حەشدی شەعبی عێراق رەتیدەکاتەوە جومعە عیناد، وەزیرى بەرگریی عێراقیان بە ئامانج گرتبێت، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە ئەو جوڵە سەربازیانەى کردوویانە بەشێوەیەکى یاسایی بووە، ئەوەش دوای ئەوەى لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سنوورى پارێزگاى سەڵاحەدین، برازایەکى وەزیرەکەیان بەتۆمەتى "تیرۆر و ئەندامبوون لە رێکخراوى داعش" دەستگیرکرد.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-02-2022 دەستەى حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە لەبارەى بە ئامانجگرتنى وەزیرى بەرگرى لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتیى ئاسایش و رێکخستنى سەر بە دەستەکە، لەپاش دەستگیرکردنى چەند کەسێک لە سنوورى قەزاى شرگات لە پارێزگاى سەڵاحەدین"، کە ئەو دەستەیە بە "تیرۆریست و ئەندامى گرووپى داعش" ناویان دەبات. 
 
حەشدی شەعبی ئاماژەى بەوەداوە وەزیرى بەرگرى "خاوەنى پێگە و ناوبانگێکى باشە" و رۆڵى هەبووە لە رزگارکردنى ئەو ناوچانە لەدەستى ئەو گرووپانەى بە "تیرۆریست" ناویان دەبات.
 
ئەو کاردانەوەیەى حەشدی شەعبی لەپاش ئەوەهات، رۆژی 19-02-2022 لە ئۆپەراسیۆنێکى سەربازیی حەشدی شەعبی لە ناوچەى عیسە لە سنوورى قەزاى شرگات، چەند کەسێک بە تۆمەتى ئەندامێتىی رێکخراوى داعش دەستگیرکران، کە یەکێکیان عومەر جبوورى برازاى جومعە عیناد، وەزیرى بەرگرییە.
 
ئەو پرسە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەى لێکەوتەوە و بەشێک لە هاووڵاتیانى سوننە، حەشدی شەعبیان بەوە تۆمەتبارکرد ئەو کارە بە ئامانجگرتنی خودى وەزیرى بەرگرییە، کە سوننە مەزهەبە.
 
لەبەشێکى دیکەى بەیاننامەکەى حەشدی شەعبیدا هاتووە: "بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئاسایش و رێکخستنى سەر بە حەشدی شەعبی جەخت لەوە دەکاتەوە هەموو جموجۆڵ و چالاکیەکانیان بەشێوەیەکى فەرمى و یاسایی و درکپێکردنى ئەمنى و نیشتمانى دەکەن، بۆ رێگرى لە سەرجەم هەڕەشەکان بۆ سەر عێراق لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە، ئەو هەنگاوە بەهەموو شێوەیەک دوورە لە بەئامانجگرتنى کەسی و تائیفی لەدژى پێکهاتەیەکى دیاریکراو".