لە بەسرە 62 هەزار دۆلاری قاچاخ لە گۆرەویی گەشتیارێکدا دەدۆزرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گەشتیارێک لە دەروازەیەکى سنوورى بەسرە بە زیاتر لە شەش دەفتەر دۆلارەوە دەستگیرکرا. گەشتیارەکە دۆلارەکانی لە گۆرەوییەکانیدا شاردبووەوە و دەیوست بە قاچاخ بیباتە دەرەوە.
رۆژی هەینی، 23-02-2024، دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى ئەو کەسەى راگەیاندووە، کە ویستویەتى لە دەروازەى شەلامچە لە نێوان پارێزگاى بەسرە و کۆمارى ئیسلامیى ئێران زیاتر لە 62 هەزار دۆلار بە قاچاخ بباتە دەرەوە.
دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق ئاماژەى بەوەداوە ئەو گەشتیارە لە هۆڵى دەرچوونى دەروازەکە دەستگیرکراوە و بەشێوەیەکى لێزانانە پارەکەی شاردبووەوە و هیچ بەڵگەنامەیەکى فەرمیشى پێ نەبووە.
دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق ڤیدیۆی ساتی دەستگیرکردنی ئەو کەسەی بڵاوکردووەتەوە و دەردەکەوێت کە ئەو 62 هەزار دۆلارەى لە گۆڕەوییەکانیدا شاردووەتەوە، دۆلارەکە لەلایەن هێزێکى پۆلیسەوە پارەکە لە گۆرەوییەکانی دەردەهێندرێت.
رێکارەکانى بانکى ناوەندى عێراق رێگە نادات دۆلار بە قاچاخ ببرێتە دەرەوەى وڵات، بۆ ئەوەى کاریگەریى لەسەر بەهاى دینار نەبێت.