سوودانی بۆ هێزە ئەمنییەکان: دەبێت ناسنامەی نیشتمانی بنەمای کارتان بێت

رووداو دیجیتاڵ
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، هێزە ئەمنییەکان هێڵی یەکەمی بەرگریکردنن لە سەقامگیریی دەوڵەت و دەبێت تەنیا ناسنامەی نیشتمانی بکەنە بنەمای کارکردنیان.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی شوباتی 2026، محەممەد شیاع سوودانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەربانگی قوتابیانی کۆلێژی پۆلیس لە بەغدا رایگەیاند: "هەڵبژاردنی پیشەی پۆلیس و دامەزراوە ئەمنییەکان، هەڵبژاردنی رێگەی شەرەف و قوربانیدانە بۆ خزمەتی نیشتمان."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ یەکێکە لە گرنگترین دەستکەوتەکانی پرۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای ساڵی 2003ـەوە و گوتی: "پێویستە هەمووان پابەندی پاراستنی ئەم مافانە بن." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد دەستپاکی و بێگەردی، دوو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ بونیاتنانی متمانە لە نێوان پیاوانی ئەمنی و کۆمەڵگەدا.
 
سوودانی ئاماژەی بە دیدگای حکومەت بۆ دۆسیەی ئەمنی کرد و باسی لەوە کرد کە دەیانەوێت سەرکردەی گەنجی خاوەن بیری نوێ و ئاشنا بە تەکنەلۆژیا و گۆڕانکارییە دیجیتاڵییەکان لەناو دامەزراوەکاندا هەبن. گوتیشی: "لە سێ ساڵی رابردوودا وەزارەتی ناوخۆ لە رێگەی وەبەرهێنانی ستراتیژییەوە هەزاران قوتابی پێگەیاندووە بۆ ئەوەی ئاستی کارامەیی هێزەکان بگاتە بەرزترین پلە."
 
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان داوای لە ئەفسەر و قوتابیانی کۆلێژی پۆلیس کرد، بەشێوەیەکی پیشەیی، سەربەخۆ و بەبێ هیچ جیاکارییەک ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، تاوەکو شکۆ و سەروەریی دەوڵەت و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزرێن.