کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: دوایین 55 خێزانی عێراقی لە کەمپى هۆلەوە گەڕێندرانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوایین کاروانی خێزانە عێراقییەکان کە خوازیاری ئەوە بوون لە کەمپی هۆڵەوە بگەڕێنەوە، گەڕێندرانەوە. ئەوانی دیکەش دوای داخستنی کەمپەکە براونەتە شارەکانی دیکەی سووریا.
 
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوایین کاروانی ئەو خێزانە عێراقییانەمان گەڕاندنەوە کە لە کەمپی هۆل مابوون و خوازیار بوون بگەڕێنەوە. رۆژی 19ی شوبات ئەو کاروانە گەڕانەوە."
 
کەمپی هۆل کە لە سنووری شارى حەسەکەى رۆژئاڤاى کوردستانە، لە 22ی شوبات داخرا، دوای ئەوەی سەرجەم خێزانەکان لەو کەمپە برانە دەرەوە.
 
عەلی جەهانگیر رایگەیاند، 80 خێزانی عێراقی لەو کەمپە مابوون و ئەوانەی نەگەڕاونەتەوە خواستیان لەسەر گەڕانەوە نەبوو.
 
ئەو خێزانە عێراقییانەی کە نەگەڕاونەتەوە نزیکەی 250 کەس دەبن، دوای داخستنی کەمپی هۆل چوونەتە شارەکانی دیکەی سووریا.
 
بە گوتەى فادی قاسم، بەڕێوەبەری کەمپەکە، سەرجەم خێزانەکان بە سووریایی و بیانییەکانەوە لە کەمپەکە گوێزراونەتەوە و حکومەتی وڵاتەکەی پلانی داناوە بۆ شیاندنەوەی خێزانەکان دوور لە چاوی میدیاکاران.
 
ئەو خێزانانەى لە کەمپەکە بوون، کەسوکارى چەکدارانى داعش بوون و خەڵکى 42 وڵاتى جیاواز بوون.