شیعەکان بۆ پرسی سەرۆکوەزیران کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێزە شیعەکان لە بەغدا کۆدەبنەوە و یەکێک لە پرسەکان بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانە. بەرپرسی یەکێک لەو هێزانە ئاماژە بەوە دەکات، کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکرێت و گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسریش پێشبینی دەکات ئەگەر کۆبوونەوەکە فراوان نەبێت، دووقۆڵی و سێقۆڵی بن.
دووشەممە 23ى شوباتی 2026 سەباح ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە ئەمشەو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببێتەوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دوو جاری دیکە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان دواخراوە، بەهۆی ئامادەنەبوونی سەرجەم نوێنەرانیان. بەگوتەی سەباح ساڵحی، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی گشتی تاوتوێ دەکرێن، لەوانە بەربژێری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
24ی کانوونی دووەمی 2026، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "بە زۆرینەی دەنگ" بڕیاری دا نووری مالیکی وەک بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکات. سێ رۆژ دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی مالیکی بۆ ئەو پۆستە هۆشداری دا و گوتی، "ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر هەیە کۆبوونەوەکە ببێتە دووقۆڵی و سێقۆڵی." ئاماژەی بەوەش کرد، "کشانەوەی نووری مالیکی لە بەربژێربوون چاوەڕوانکراو نییە؛ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێی دەرچوون لەو دۆخە دەکەن، لەوانە دۆزینەوەی دەرچەیەک کە جێگەی رەزامەندیی هاوبەشانی دیکە بێت."
رژدبوونی مالیکی لەسەر بەربژێربوونی و ناڕەزایەتیی چەند پێکهێنەرێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە وایکرد کە دوو وادەی کۆبوونەوەی هاوپەیمانییەکە لە هەفتەی رابردوودا شکست بهێنن.
عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بە رووداوی گوت، "کۆبوونەوە دووقۆڵی و سێقۆڵییەکان بەردەوامن و نەپچڕاون."