پەرلەمانی عێراق لیژنەی مادەی 140ی پێکنەهێناوە؛ "ئەستەمە رێگە بدرێت"
رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا لیژنەی مادەی 140 لە پەرلەمانی عێراق پێکنەهاتووە؛ پەرلەمانتارێک ئاماژە بەوە دەکات کە هەوڵی پێکهێنانی دەدەن بۆ چاودێری و جێبەجێکردنی ئەو مادەیە. پەرلەمانتارێکی دیکەش بە دووری دەزانێت پەرلەمانتارانى سوننە و شیعە رێگە بدەن لیژنەکە دروست بکرێت.
پەرلەمانی عێراق لە 17ی شوباتى 2026، ژمارەی لیژنە هەمیشەییەکانی لە رێگەی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆوە دیاریکرد و لە 25 لیژنەوە کردییە 22 لیژنە.
دەنگدان لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە، لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری تێدا نەبوو کە لە خولی پێنجەمدا وەک 'لیژنەیەکی کاتی' دیاریکرا.
نازک ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی خانەقین بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای دیاریکردنی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان، کار بۆ ئەوە دەکەین لیژنەی مادەی 140 پێکبهێنرێت و بوونی ئەو لیژنەیە گرنگە بۆ چاودێریی جێبەجێکردنی ئەو مادەیە کە تاوەکو ئێستا کارایە."
لە خولی پێشووی پەرلەماندا، شاخەوان عەبدوڵڵا لە پشکی کەرکووک سەرۆکایەتیی لیژنەی مادەی 140ی دەکرد کە زۆرینەی ئەندامانی لەو ناوچانە بوون کە لیژنەکە دەیانگرێتەوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی نەینەوا بە رووداوی گوت، "بە دووری دەزانم پەرلەمانتارانی عەرەب (بە سوننە و شیعەوە) رێگە بدەن لیژنەی مادەی 140 دابنرێتەوە و لە دژی دەوەستنەوە."
لیژنەکەی دەستوور تایبەتە بە یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان لە دیالە، کەرکووک، سەلاحەدین و نەینەوا، کە سێ قۆناخی قەرەبوو، سەرژمێری و گشتپرسی دەگرێتەوە.