گومرگی عێراق بۆ رووداو: رێژەی گومرگی پێداویستیی کارەبای وزەی خۆر کراوەتە 5%
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق دەڵێ، رێژەی گومرگی سەر پێداویستییەکانی سیستمی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر کراوەتە 5% و خاڵە گومرگییەکانیشی لێ ئاگادار کراوەتەوە.
سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە نووسراوی فەرمی تیمەکانی یەکخستنی پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردن و نوێکردنەوەی گومرگی ئاگادارکردووەتەوە کە رێژەی گومرگی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەى خۆرەوە 5% دەبێت، کە ئەویش لە پێناسی نوێی گومرگی دیاریکراوە.
پێناسی نوێی گومرگ لە یەکی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە کاری پێ دەکرێ و لەگەڵ نزیکبوونەوەى وەرزى گەرما پێشبینی دەکرێ هاوردەکردنى ئەو کەرەستە و پێداویستییانە زیاد بکات.
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند، گومرگی سەر کەرەستەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی وزەی خۆر، پانێڵ، پاتریی لیسیۆم و کێبڵى کارەبایی دەگرێتەوە کە گومرگی هەر یەکێکیان 5% دەبێت.
لە عێراق نرخی پانێڵێکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی تیشکی خۆر، بەگوێرەی توانا و قەبارەکانی، لەنێوان 80 بۆ 400 دۆلاردایە.
بانکی ناوەندیی عێراق لە رێگەی هەشت کۆمپانیای تایبەت بە دانانی پانێڵی وزەی خۆر، لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی وزەی نوێبووەوە، بە قەرز دەداتە هاووڵاتییان.