کۆنتڕۆڵی جۆریی عێراق: وەزارەتی کشتوکاڵ لە هاوردەکردنی مادەی فیورالتادۆن بەرپرسیارە
رووداو دیجیتاڵ
دوای بەدواداچوونێکی بنکۆڵکاریی بەرنامەی "لەگەڵ ڕەنج"ی رووداو، کە پەردەی لەسەر هێنانی مادەیەکی بکوژ و شێرپەنجەهێن (فیورالتادۆن) لادا کە بە نایاسایی لە چینەوە بۆ پەلەوەرخانەکانی عێراق دەهێنرێت، سەرۆکی دەزگای کۆنتڕۆڵی جۆریی عێراق وەزارەتی کشتوکاڵ بە بەرپرسیار دەزانێت و رایدەگەیەنێت، ئەوان لای خۆیانەوە رێگە بە هیچ مادەیەک نادەن زیان بە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بگەیێنێت.
فەیاز دلێمی، سەرۆکی دەزگای ناوەندی بۆ پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆریی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بۆڵتەنی کاژێر 13:00ی تۆری میدیایی رووداو رایگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵ لە بابەتی هاتنە ناوەوەی مادەی فیورالتادۆن بەرپرسیارە و، "ئەم مادەیە نابێت بێتە ناوەوە ئەگەر زیان بە بەرژەوەندی گشتی و کەرتی پەلەوەر بگەیێنێت."
سەرۆکی دەزگای ناوەندی بۆ پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆریی عێراق دەڵێت، ئەو لایەنە بەرپرسانەی رێگری لە هاتنی مادەیەکی قەدەخە دەکەن، ناوی ئەو مادەیە دەدەنە هەموو ئەو فەرمانگانەی لە دەروازە سنوورییەکان کار دەکەن، هەر زانیارییەک لەسەر قەدەخەکردنی مادەیەک هەبێت، رێگەی پێنادرێت، چونکە هەر مادەیەک بێتە ناوەوە دەبێت مۆڵەتی فەرمی و مەرجی تایبەتی هەبێت.
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی سەرۆکی دەزگای ناوەندی بۆ پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆریی عێراق:
رووداو: چۆن دەڕواننە دۆزینەوەی بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ـی رووداو کە بە بەڵگەوە سەلماندی ئەوە چەند ساڵێکە مادەی قەدەخەکراوی جیهانی (فیورالتادۆن) بە ساختەی لە قوتووی (سوپەر ماکس) لە چینەوە هێنراوە بۆ عێراق و لە شارەکانی عێراق دراوەتە مریشکی پەلەوەرخانەکان؟
فەیاز دلێمی: بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان، سوپاس بۆ بانگهێشتکردنتان بۆ کەناڵی رووداو. راستییەکەی ئەو مادانەی کە قەدەخەکراون یان رێگرییان لێ کراوە، لە دەرەوەی مەودای کاری دەزگای ناوەندین و رێگە بە هاتنەناوەوەیان نادەین. تاوەکو ئەو شوێنەی پەیوەندی بە دەزگای ناوەندییەوە هەبێت، دەزگاکە بەپێی یاسای ژمارە 54ی ساڵی 1979ی هەموارکراو، ئەو مادانەی دیاری کردووە کە رێگەپێدراون پشکنینیان بۆ بکرێت، وەک دەزانیت ئەوانەش بریتین لە، مادە خۆراکییەکان، مادە کیمیاییەکان، تەلارسازی، ئەندازیاری و چنراوەکان. سەبارەت بەم مادەیەی ئێستا، ئەمە لە پسپۆڕیی دەزگای ناوەندی نییە، بەڵکو پسپۆڕیی وەزارەتی کشتوکاڵ و فەرمانگەی ڤێتێرنەرییە.
رووداو: فیورال تادۆن مریشک لە مرداربوون دەپارێزێت ، بەڵام مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەکات. چۆن ئەوە بە سەر کوالیتی کۆنترۆڵدا تێدەپەرێت؟
فەیاز دلێمی: بەشێوەیەکی گشتی دەزگای ناوەندی، بێگومان کۆمەڵێک مەرج و تایبەتمەندیی هەیە کە لەلایەن فەرمانگەی پێوانەسازییەوە ئامادە دەکرێن کە یەکێکە لە سێ فەرمانگەکەی ناو دەزگاکەمان، فەرمانگەی دووەم کە فەرمانگەی کۆنتڕۆڵە بەپێی ئەو مەرجانە کار دەکات. بۆیە ئەم مادەیە ئەگەر قەدەخە بێت، بە هەموو شێوەیەک رێگەی پێنادرێت بێتە ناوەوە یان پشکنینی بۆ بکرێت لە دەزگای ناوەندی، چونکە وەک گوتم لە دەرەوەی مەودای کاری ئێمەیە. پەلەوەر بەرپرسیارێتی وەزارەتی کشتوکاڵ و فەرمانگەکانی سەر بەو وەزارەتەیە.
رووداو: ئێوە چ دەکەن بۆ کۆکردنەوەی ئەو مادە بکوژەی مرۆڤ لە کۆمپانیا و پەلەوەرخانەکاندا؟
فەیاز دلێمی: ببوورن، دەزگای ناوەندی بەپێی کۆمەڵێک مادەی دیاریکراو دەسەڵاتی پشکنینی هەیە، وەک باسم کرد کە بریتین لە خۆراک و تەلارسازی و ئەندازیاری و چنراو. ئەم ماددانەی دیکە سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵن و ناکرێت لە دەزگای ناوەندی پشکنینیان بۆ بکرێت، چونکە پسپۆڕییەکە بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ دەگەڕێتەوە. بە شێوەیەکی ئاسایی، ئەو لایەنە بەرپرسانەی رێگری لە هاتنی مادەی قەدەخە دەکەن، ناوی ئەو مادانە دەدەنە هەموو ئەو فەرمانگانەی لە دەروازە سنوورییەکان کار دەکەن، بۆیە گومرگ زانیاریی هەیە، دەروازەکان زانیارییان هەیە و دەزگای ناوەندیش زانیاریی هەیە. هەر زانیارییەک لەسەر قەدەخەکردنی مادەیەک هەبێت، رێگەی پێنادرێت، چونکە هەر مادەیەک بێتە ناوەوە دەبێت مۆڵەتی فەرمی و مەرجی تایبەتی هەبێت، بۆیە ئەمە لە دەرەوەی کاری دەزگای ناوەندی بۆ پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆرییە.
رووداو: چۆن ئەو مادە قەدەخەکراوانە بەو ناوە دروستکراوانەوە هاتوونەتە ناو عێراقەوە؟
فەیاز دلێمی: من لەگەڵتان باسی ئەوەم کرد کە ئەم مادەیە لە دەرەوەی کاری دەزگای ناوەندییە و سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵە، بۆیە ئەوان لێی بەرپرسیارن. بڕوای من وایە، ئەم مادەیە نابێت بێتە ناوەوە ئەگەر زیان بە بەرژەوەندی گشتی و کەرتی پەلەوەر بگەیێنێت، چونکە لە کۆتاییدا دەگاتە دەستی هاووڵاتی و بەکاربەری عێراقی، چۆن رێگە بە هاتنی دەدرێت؟ تەنانەت ئەگەر مادەکە هاتبێتە ناوەوەش، چاودێری لە بازاڕەکاندا هەیە، چاودێریی کێڵگەکان و پەلەوەرەکان دەکرێت بۆ سنووردانان بۆ ئەم دیاردەیە. بەڵام تاوەکو ئەو شوێنەی پەیوەندی بە دەزگای ناوەندییەوە هەبێت، ئەم مادەیە لە پسپۆڕیی ئێمەدا نییە.
رووداو: چۆن لەمەودوا رێگر دەبن لە هاتنی ئەم مادانە بۆ عێراق؟
فەیاز دلێمی: کێ دەسەڵاتی هەیە مادەیەک بهێنێتە ناوەوە کە زیان بە هاووڵاتی عێراقی بگەیێنێت؟ بە چ حەقێک و بە چ یاسایەک و بە چ عورفێک؟ ناکرێت مادەیەک لە دەرەوەی مەرجە پەسندکراوەکان بێتە ناوەوە لەلایەن هەر لایەنێک بێت، چ دەزگای ناوەندی بێت یان وەزارەتی کشتوکاڵ یان هەر وەزارەتێکی تر. لایەنی پەیوەندیدار هەیە کە دیاری دەکات چ ماددەیەک قەدەخەیە. سەبارەت بە دەزگای ناوەندی، کۆمەڵێک مەرج و تایبەتمەندیمان هەیە کە دەبێت لەگەڵ پێداویستییەکانی هاووڵاتی عێراقیدا بگونجێت. سەلامەتی یەکەم و کۆتا ئامانجمانە، بۆیە رێگە نادرێت بە هاتنی هیچ مادەیەک کە قەدەخە بێت یان لە دەرەوەی مەرجەکانی دەزگای ناوەندی بێت.
رووداو: فیورال تادۆن لە ساڵی 2002 وە لە چین قەدەخەکراوە ، ئێوە چۆن لەگەڵ حکومەتی چین بەدواداچوون دەکەن کە چۆن رێگەدراوە کۆمپانیایەکی چینی بە ناوی (سوپەر ماکس) و لەوانەیە ناوی دیکەشەوە ئەو مادەیە کوشندەیە بفرۆشێتە بازرگانەکانی عێراق؟
فەیاز دلێمی: ئەگەر رێگەم بدەیت، من گوتم ئەم مادەیە لە دەرەوەی کاری دەزگای ئێمەیە و سەر بە وەزارەتێکی دیکەیە. ئێمە یەکێک لە ئامانجەکانمان چاودێریکردنە، چاودێریی پێشوەختەمان هەیە کە لە رێگەی کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانەوە دەکرێت، هەروەها چاودێریی دواترمان هەیە لە بازاڕەکاندا. کاتێک دەبینین مادەیەک بە رێگەی نایاسایی هاتووەتە ناوەوە، لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا بەدواداچوونی بۆ دەکەین، چونکە مەرجەکان دەزانین و دەزانین چی رێگەپێدراوە و چی رێگەپێدراو نییە. ئەگەر مادەیەکمان بینی کە لە بواری کاری دەزگای ناوەندی بوو بەڵام لە دەرەوەی مەرجەکان بوو، لەگەڵ لایەنی تاوانی رێکخراو و ئاسایشی ئابووری و لیژنە هونەرییەکانی دەزگاکەمان، ئەو مادانە لە بازاڕ دەکشێنینەوە و لەناوی دەبەین و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرینەبەر کە مادەی نایاسایی دەهێنن. من جارێکی دیکەش پێتان دەڵێم، ئەم مادەیە لە دەرەوەی کاری دەزگای ناوەندییە، چونکە پسپۆڕیی وەزارەتێکی دیکەیە. هەر وەزارەتێک سیاسەت و زانیاریی تایبەت بە خۆی هەیە لەسەر بواری کارەکەی، بۆیە ئەوان بەرپرسیارن لە هاتنی هەر مادەیەک چ بەپێی مەرجەکان بێت یان لە دەرەوەی مەرجەکان، بۆیە ئەمە لە دەرەوەی کاری دەزگای ناوەندی بۆ پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆریی فیدراڵییە.