کەتائیبی ئەولیائوڵڵا بۆ حیزبی تەقەدووم: چاومان لەسەر کۆبوونەوەکانتانە لە هەولێر و سلێمانی


رووداو دیجیتاڵ

گرووپێکی چەکداری بەناوی "کەتائیبی ئەولیائوڵڵا" هەڕەشەی تووند لە حیزبی تەقەدووم و خەمیس خەنجەر دەکات و تۆمەتباریان دەکات بە ئەنجامدانی "پیلانگێڕی" لەنێو عێراقدا. دەشڵێت، چاودێریی وردی کۆبوونەوەکانیان لە هەولێر و سلێمانی دەکەن.

رۆژی دووشەممە، 23-03-2026، ئەبو جەمال حەیدەری، گوتەبێژی سەربازیی کەتائیبی ئەولیائوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا، هۆشداریی دایە حیزبی تەقەدووم و خەمیس خەنجەر: "رێگری لەو پیلانگێڕی و نەخشە شەیتانییانە بکەن کە لە رێگەی کۆمپانیای وەهمییەوە لەنێو عێراقدا بۆ خزمەتی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجامی دەدەن."
 
ئەو گرووپە چەکدارە دەڵێت، "فایلی تەواوی" لەسەر ئەو لایەنانە لایە: "چاومان لەسەرتانە و چاودێریی کۆبوونەوە نێوخۆیی و داخراوەکانتان دەکەین، چ لە هەولێر و سلێمانی بێت، یان لە دەوحە و شوێنەکانی دیکە."
 
ئەو گوتەبێژە سەربازییە ئەو لایەنە سیاسییانە تۆمەتبار دەکات بەوەی لە رێگەی "تۆڕی سیخوڕی و شانەی تیرۆریستیی سەر بە بەعس و مۆساد" هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجەکانیان دەدەن، بەڵام جەخت دەکاتەوە "داگیرکەر لەژێر ئاگر و لێدانەکانی موقاوەمەدا لە عێراق رادەکات."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، هۆشداری دەدرێتە هەندێک لە سەرکردە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراق و دەڵێت: "ئاگاداری هاوکاریکردنی داگیرکەر بن دژی موجاهیدەکان، چونکە ئارامگریمان بەرەو نەمان دەچێت و رەحم بە هیچ خیانەتکارێک ناکەین، ناوی هەرچییەک بێت و پلەکەی هەرچەند بێت."
 
"کەتائیبی ئەولیائوڵڵا" گرووپێکی چەکداری سەر بە موقاوەمەی ئیسلامیی عێراقە.