عێراق، بۆردوومان و ئاگربەستى پێکەوە بینى
رووداو دیجیتاڵ
سوپاى ئەمریکا حەوت ھێرشی کردە سەر گرووپە چەکدارەکانى سەر بە دەستەى حەشدی شەعبی لە سێ پارێزگاى عێراق و ژمارەیەک چەکداریان بریندار بوون. گرووپى موقاوەمە کە وابەستەى ئێرانە بانگەشەى ئەوە دەکات کە لە 24 کاژێردا 21 ھێرشی کردووە. ئەو دۆخە ئەمنییە ئاڵۆزە هاوکات بوو لەگەڵ درێژکردنەوەى ئاگربەستى مەرجدارى پێنج رۆژەى کەتیبەکانى حیزبوڵڵاى عێراق بۆ ئەوەی هیچ هێرشێک نەکاتە سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا.
ئەو پێشهاتە ئەمنییانە لەدواى دەستپێکردنى جەنگى ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لە عێراق زیاد بوون، کە ئێستا جەنگەکە پێى ناوەتە 24 ەمین رۆژیەوە.
سێ شوێن و حەوت بۆردوومان
لە 24 کاژێرى رابردوودا پێگەکانى سەر بە حەشدی شەعبی لە ئەنبار، نەینەوا و بابل بۆردومان کران، زیانى مادى و بریندارى لەنێو چەکدارانى چەند گرووپێکى جیاواز لێکەوتەوە.
شەوى 22ى ئادار، چوار جار بنکەکانی لیوایەکی حەشدی شەعبی سەر بە کەتبیەکانى حیزبوڵڵاى عێراق لە بابل بۆردوومان کران.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە دەستەی حەشدی شەعبی لە بابل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چوار جار بنکەکانی لیوای 45ی حەشدی شەعبی لە ناوچەی جورف سەخر بۆردوومان کران."
لیواى 45 سەر بە کەتبیەکانى حیزبوڵڵاى عێراقە کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانى نێو موقاوەمەى ئیسلامى.
شانەى رۆژنامەڤانیى قەیران لە بابل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا کە ئەو بۆردوومانانە بە درۆن و فڕۆکەى جەنگى کراون و زیاتر ئەو بارەگایانە بۆردوومان کراون کە پێشتر چۆڵ کرابوون و لە ئەنجامیشدا یەک کەس بریندار بووە.
ناوچەی جورف سەخر دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای پارێزگای بابل و ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە بارەگایان هەیە.
دەستەى حەشدی شەعبی عێراقیش رایگەیاند، هێرشەکان بەشى تەندروستیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى جەزیرەى دەستەکەى لە جورف سەخر کردووەتە ئامانج و ئەو کەسەى بریندار بووە کارمەندى یەکەى پزیشکی بووە و زیانى مادىش بەر شوێنى بۆردوومانەکە کەوتووە.
ھێرشێکى دیکە پێگەیەکى لە رۆژئاوای عێراق کردە ئامانج. تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئەو شوێنەی بۆردوومان کرا لە ناوچەی عوکاشاتە."
عوکاشات ناوچەیەکی نێوان هەردوو قەزای قائیم و روتبەیە لە پارێزگای ئەنبار کە دەکەوێتە رۆژئاوای عێراقەوە.
میدیای بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان بڵاویان کردەوە ئەو بۆردوومانەى ئەنبار لیوای (تفووف)ی حەشدی شەعبی کردووەتە ئامانج.
چوارەم بۆردوومان بۆ سەر بارەگایەکى حەشدی شەعبی بوو لە پارێزگاى نەینەوا کە لە ئەنجامدا چوار چەکدار بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بارەگای فەوجی ئەرکە تایبەتەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە ناوچەی هەرامات لە رۆژئاوای شاری موسڵ بۆردوومان کرا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، دووان لەو چەکدارانەی بریندار بوون تەمەنیان 30 ساڵە، یەكێکیان تەمەنی 37 ساڵە و ئەوی دیکەش تەمەنی 27 ساڵە.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە رووداوى گوت، "لەوەتەى جەنگ دەستیپێکردووە، زیاتر لە 10 جار هێرش کراوەتە سەر بارەگاى گرووپە چەکدارەکانى سەر بە حەشدی شەعبی لە نەینەوا. ئەو گروپانە بارەگاکانیان چۆڵ کردووە و تەنیا پاسەوانیان هەیە."
بەغدا؛ هێرش و ئاگربەست پێکەوە
شەوى 22ى ئادار، گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر بنکەى پاڵپشتى دیپلۆماسی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەى بەغدا.
ئەو هێرشەى گرووپە چەکدارەکان هاوکات بوو لەگەڵ کۆتاییهاتنى ئاگربەستى پێنج رۆژەى مەرجدارى کەتیبەکانى حیزبوڵڵاى عێراق بۆ هێرشنەکردنە سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا.
بەیانى 23ى ئادار ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسى ئەمنى کەتیبەکانى حیزبوڵڵاى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەرفەتى پێنج رۆژى دیکەى بۆ باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا درێژکردەوە، بۆ ئەوەى بەگوتەى خۆیان "سوپاى ئەمریکا کۆتایی بە پێشێلکارییەکانى بهێنێت."
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە 19ى ئادار پێنج رۆژ ئاگربەستى بۆ هێرشنەکردنەسەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا بە مەرج راگەیاند. یەکێک لە مەرجەکانی ئەوە بوو، بۆردوومانەکان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە رابگیرێن.
گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێران دەڵێن، لە هێرشەکانیاندا سەربازانى سوپاى ئەمریکا دەکەنە ئامانج.
گرووپى موقاوەى ئیسلامى لە عێراق 23ى ئادار رایگەیاند، لە 24 کاژێرى رابردوودا 21 هێرشیان بە درۆن و مووشەک بۆسەر پێگە و ئامانجەکان لە عێراق و دەرەوەى ئەنجامداوە.
گرووپی سەرایا ئەولیا دەم کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەڵێ، ئەمریکا لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە داوای 24 کاژێر ئاگربەستی لە گرووپە چەکدارەکان کردووە و هەندێکیان رەزامەند بوون بەو مەرجەی هێرش نەکرێتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی.