سەعد مەعن بۆ رووداو: هیچ ئەندامێکی ناتۆ لە عێراق نەماوە و هێرشیان نەکراوەتە سەر


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی قەیرانەکانی عێراق، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە باس لە هێرشکردنە سەر نێردەی ناتۆ دەکەن لە عێراق و دەڵێت، کشانەوەی تەواوی نێردەکە رێکارێکی "خۆپارێزیی هاوئاهەنگیکراو" بووە.
 
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی قەیرانەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نێردەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) رووبەڕووی هیچ هێرش و پەلامارێک نەبووەتەوە؛ ئەوەی لە هەندێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو بارەیەوە بڵاودەکرێتەوە، دوورە لە راستییەوە."
 
سەعد مەعن ئاماژەی بەوە کرد، نێردەی ناتۆ لە نوێنەری زیاتر لە 28 وڵات پێکهاتبوون و بارەگاکەیان لەنێو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بوو، بەڵام ئێستا پڕۆسەی کشانەوەکە کۆتایی هاتووە و گوتی: "هیچ ئەندامێکی نێردەی ناتۆ لە عێراق نەماوە، کشانەوەکەشیان رێکارێکی خۆپارێزی بووە و بە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی عێراق جێبەجێ کراوە."
 
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی قەیرانەکان جەختی کردەوە کە ئەرکی ناتۆ لە عێراق تەنیا "راوێژکاری، مەشق و راهێنان" بووە و بە هیچ شێوەیەک بەشدارییان لە شەڕدا نەکردووە.
 
پێشتر و لە رۆژی هەینی رابردوو، جەنەڕاڵ ئەلێکسۆس گرینکێویچ، فەرماندەی باڵای هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەورووپا، رایگەیاندبوو، ئەندامانی ناتۆ بە سەلامەتی گواستراونەتەوە بۆ دەرەوەی عێراق. گرینکێویچ گوتی: "سوپاسی کۆماری عێراق و هاوپەیمانان دەکەین کە هاوکارییان کردین لە گواستنەوەی سەلامەتی ئەندامانی ناتۆ بۆ ئەورووپا."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمیی هاوپەیمانی ناتۆ، لەمەودوا نێردەکە کارەکانی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رێگەی بارەگای فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان لە شاری ناپۆلی ئیتاڵیاوە درێژە پێدەدات.
 
لە دوای 28ـی شوباتی 2026 و هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و عێراق بەتەواوی ئاڵۆز بووە. لەو ماوەیەدا ناوچە جیاجیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بوونەتە ئامانجی هێرشی گرووپە چەکدارەکان، ئەمەش وایکردووە هێزە نێودەوڵەتییەکان رێکاری تووندی خۆپارێزی بگرنەبەر.