بەرپرسانی چوارچێوی هاوئاهەنگی: سبەی کۆدەبینەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی چوارچێوی هاوئاهەنگیی شیعەکان بە رووداویان رایگەیاند، سبەی سێشەممە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کۆدەبێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، حەسەن فەدعەم جەنابی، بەرپرسی کاروباری دەوڵەت لە رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق، بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە سبەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی کۆبێتەوە".
 
تاوەکو ئێستا، نووری مالیکی بە فەرمی بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 27ی کانوونی دووەمی رابردوودا هۆشداریی دابوو لە گەڕانەوەی مالیکی بۆ ئەو پۆستە و گوتبووی: "ئەگەر مالیکی دووبارە هەڵبژێردرێتەوە، ئەمریکا چیتر هاوکاریی عێراق ناکات".
 
حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کۆی 12 ئەندام تەنیا قەیس خەزعەلی و عەمار حەکیم لەگەڵ بەربژێرکردنی نووری مالیکی نەبوون، بەڵام ئێستا جگە لەو دوو سەرکردەیە، حەوت سەرکردەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی هاتوونەتە سەر هەمان باوەڕ و لەگەڵ بەربژێرکردنی مالیکی نین.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەبو ئالا وەلائی و شێخ هومام حەموودی و نووری مالیکی لە بەرەیەک ماون.
 
هەر لەوبارەوە، سەڵاح بوشی، ئەندامی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی سبەی سێشەممە گفتوگۆی چارەنووسساز بکرێت بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی لەبارەی شایستە دەستوورییەکان".
 
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئەوەشی گوت، قۆناخی ئێستا "یەکلاکردنەوەیەکی بەرپرسیارانە"ی دەوێت، کە لەگەڵ خواستەکانی شەقامی عێراقیدا بگونجێت و جەختیشی کردەوە، "ئامانجی سەرەکی بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسییە لە وڵاتدا و خۆشکردنی رێگەیە بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامیی گشتگیر".