پەرلەمان 30 رۆژ وەرزی یاسادانانی درێژکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بۆ 30 رۆژ وەرزی یاسادانانی یەکەمی درێژ بکاتەوە. بە گوتەی پەرلەمانتارێک، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە لەو ماوەیەدا حکومەت پێکبهێنرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 23ی نیسانی 2023، پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا وەرزی یاسادانانی بۆ ماوەی 30 رۆژ درێژ بکاتەوە. بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، لە ساڵێکدا دوو وەرزی یاسادانانی بۆ کارکردن هەیە کە هەر یەکەیان چوار مانگە، یەکەمین کۆبوونەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 ئەنجامدراوە، بەوپێیە 29ی نیسان وەرزی یەکەمی یاسادانان تەواو دەبێت.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "یەکێک لە هۆکارەکانی درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەتە
کە پێویستی بەوەیە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت."
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ماوەی 30 رۆژدا کارنامە و ئەندامانی کابینەی حکومەتەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی پێبدرێت.
سروە محەممەد رایگەیاند، یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی درێژکردنەوەی ئەم وەرزە ئەوەیە کە چەندین پڕۆژەیاسا هەن کە پێویستە تاوتوێ بکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمان داواى لە هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کرد پابەند بێت بۆ ماوە دەستورییەکان بۆ پێشکێشکردنى بەربژێرى سەرۆکوەزیران.