پەرلەمانتارێکی عێراق: مووچەی مانگی چوار گرفتی نییە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بۆ مانگی نیسان (چوار) مووچە هیچ کێشەیەکی نییە و عێراق دەتوانێت تاوەکو چوار مانگی دیکەش لەژێر کاریگەریی شەڕ و قەیرانەکاندا، مووچەی تەواوی فەرمانبەران دابین بکات.
سروە محەممەد، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی لە پەرلەمانی عێراق، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات باسی لە بارودۆخی ئابووریی عێراق و پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گرژی و شەڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووریی عێراق و وڵاتانی دراوسێ هەبووە.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "دۆخی عێراق لە رووی ئابوورییەوە زۆر باش نییە، بەتایبەت کە ماوەیەکی زۆرە هەناردەی نەوت راوەستاوە و هەنگاوەکان بۆ هەمەجۆرکردنی داهاتیش خاون."
سەرباری ئەو ئاستەنگانە، سروە محەممەد دڵنیایی دەدات و دەڵێت: "ئەگەر بارودۆخی شەڕ بەم شێوەیەش بمێنێتەوە، عێراق لە رێگەی داهاتی ناوخۆ، قەرز و ئەو گەنجینەیەی هەیەتی، دەتوانێت تاوەکو چوار مانگی دیکە مووچە بەبێ کێشە دابین بکات."
سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سروە محەممەد گوتی، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵن و ئەوان دڵنیاییان داوە، پارەی پێویست لەبەردەستە. ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری گوتی: "لە دوای 25ـی مانگ دابەشکردنی مووچەی عێراق دەستپێدەکات، دوای تەواوبوونی مووچەی وەزارەتەکانی عێراق وردبینی لە لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و بڕیاری ناردنی مووچە دەدرێت."
سروە محەممەد ئاماژەی بەوەدا بۆ مانگی نیسان (چوار) پێویست ناکات فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق نیگەران بن و دەڵێت: "پاش کۆتاییهاتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت. هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە و بەردەوام لەگەڵ بەشی بودجە لە وەزارەتی دارایی لە پەیوەندیداین بۆ تێپەڕاندنی هەر ئاستەنگێک."