دادگەی لێکۆڵینەوەی بەغدا؛ مستەفا سەنەدی بە کەفالەت ئازاد کرد
رووداو دیجیتاڵ
مستەفا سەنەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە شێوەیەکی "ئارەزوومەندانە" و بەبێ ئەوەی پەرلەمان پارێزبەندیی لەسەر هەڵبگرێت، لەسەر سکاڵایەکی بەها ئەعرەجی لە دادگەی لێکۆڵینەوە ئامادە بوو و دواتر بە کەفالەت ئازادکرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، مستەفا سەنەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی (ئەبشر یا عێراق) لە روونکردنەوەیەکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند: "ئەمڕۆ وەک سکاڵالێکراو لەسەر سکاڵای پەرلەمانتار بەها ئەعرەجی (لەسەر مادەی 413ی شەڕ و ئاژاوە) ئامادەی دادگەی لێکۆڵینەوە بووم."
سەنەد دەڵێت: "ئامادەبوونەکەم بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بوو، بەبێ ئەوەی پەرلەمان دەنگ لەسەر لادانی پارێزبەندییەکەم بدات یان سەرۆکایەتیی پەرلەمان رەزامەندی بدات، خۆم پارێزبەندییەکەم لادا و چوومە بەردەم دادوەر."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای وەرگرتنی گوتەکانی، دادوەر بڕیاری ئازادکردنی بە کەفالەت داوە.
کێشەی نێوان ئەو دوو پەرلەمانتارە بۆ دانیشتنی رۆژی 7ـی ئاداری 2026 دەگەڕێتەوە، کە تێیدا بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە و هەڵوێستی لایەنەکان بەرامبەر ئێران و ئەمریکا، شەڕ و ئاڵۆزی لەنێو هۆڵی پەرلەمان دروستبوو.
مستەفا سەنەد گوتی، لە ماوەی مانگی رابردوودا، سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی و چەند سەرکردەیەکی کوتلە سیاسییەکان هەوڵی "ئاشتەوایی و سوڵح"یان داوە لەنێوانیان، بەڵام وەک ئەو دەڵێت: "لایەنی سکاڵاکار و هەندێک لە ئەندامانی هاوپەیمانییەکە و سەرۆکوەزیران هەوڵەکانیان رەتکردووەتەوە."
لەو دانیشتنەدا، مستەفا سەنەد بەهۆی رەخنەگرتن لە محەممەد شیاع سوودانی، زللەیەکی لە بەها ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان (نزیک لە سوودانی) دا، بەها ئەعرەجیش بە "بێ ئەدەب" وەسفی کرد.
دوای ئەو رووداوە، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا مستەفا سەنەد لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بێبەش بکات، تاوەکو ئەو کاتەی داوای لێبووردن لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکەی سوودانی دەکات.
لە بەرامبەر ئەو سکاڵایەی لەسەریەتی، مستەفا سەنەد دەڵێت بەڵگەیان پێشکەش بە دادگە کردووە، کە بەها ئەعرەجی پێشتر لە کەناڵی (عەهد) و لە نێو پەرلەمان سووکایەتی پێکردووە، بۆیە "مافی سکاڵاکردنەوەمان بۆ هەر سووکایەتییەک پاراستووە."