پەرلەمان بۆ چوارچێوەى هاوئاهەنگی: پابەندبن بە ماوەی دەستووریی دەستنیشانکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق داوا لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان دەکات پابەند بێت بە ماوە دەستوورییەکان بۆ پێشکێشکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران و بەر لە 48 کاژێر لە دەنگدان، ئەندامانى کابینەى حکومەتەکەى بداتە پەرلەمانتاران.
ئەو داوایە، لەلایەن هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ى نیسان بڵاوکرایەوە.
پەرلەمان داوای لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە وەک گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمان، پابەندبێت بە ماوە دەستوورییەکان بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت.
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە ماوەی 15 رۆژ دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکات.
11ی نیسانی2026، سەرۆککۆمارى عێراق لە پەرلەمان هەڵبژێردرا، بەوپێیە رۆژی 25ی نیسان دواوادەیە بۆ ئەوەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلا بکاتەوە.
داوایەکی دیکەی پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەوەیە کە سەرۆکوەزیرانی راسپێدراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، کارنامە و کابینەی حکومەتەکەی بەر لە 48 کاژێر لە دەنگدان بداتە پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی تاوتوێی بکەن.
دوای راسپاردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت، دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەی حکومەتەکەی پێشکێش بکات بۆ ئەوەی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.
تاوەکو ئێستا هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر بەربژێرێک بۆ سەرۆکوەزیران یەکلا نەبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ناکۆکیی نێوانیان لەبارەی چۆنێتیی دەنگدان بۆ دیاریکردنی ئەو بەربژێرە لەنێو هاوپەیمانییەکە.
بڕیارە رۆژی هەینی 24ی نیسان، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران.