ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دانانی قایمقامی مەندەلی بە کاتی رادەگرێت


رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە دیاریکردنی پۆستی قایمقامی قەزای مەندەلی لە پارێزگای دیالە، دانیشتووانی شارەکە ناڕازین لە دانانی فەرید تالیب ئیبراهیم و چەند رۆژێکە خۆپێشاندانان دەکەن. هاوئاهەنگیکاری ئەنجوومەنی سیاسیی فەیلیش دەڵێت، "ئەو کەسەی دیاریکراوە دانیشتووی شارەکە نییە و ئێمە داوا دەکەین کوردێکی فەیلی خەڵکی شارەکە بکرێت بە قایمقام."

رۆژی سێشەممە، 23-5-2023، ماهر فەیلی، هاوئاهەنگیکاری ئەنجوومەنی سیاسیی فەیلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی 20 رۆژە کەسێک لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بە ناوی فەرید تالیب ئیبراهیم کە لە هۆزی قەرەلووسییە کراوەتە قایمقام، بەڵام ئەو کەسە دانیشتووی قەزای مەندەلی نییە. ئێمە دەمانەوێت کەسێک بکرێت بە قایمقام کە دانیشتووی شارەکە بێت و جێی رەزامەندیی خەڵک بێت؛ بۆیە ئێستا حکومەت بڕیارەکەی بەشێوەیەکی کاتی راگرتووە."
 
ئەو بە گلەیی زۆرەوە باسی لە بێدەنگیی لایەنە کوردستانییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "دەبێت لایەنە کوردستانییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەنگیان لەو بابەتەدا هەبێت، چونکە مەندەلی قەزایەکە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردی فەیلی بوون، بەڵام رووبەڕووی گۆڕینی دیمۆگرافی بووەتەوە؛ بۆیە دەبێت لەو مافە بێدەنگ نەبن."
 
سەرەتای ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کەسێکی بەناوی فەرید تاڵیب ئیبراهیم کە پیشەی پارێزەرە و دانیشتووی ناوچەی سەدری بەغدایە، بە یەکەم قایمقامی قەزای مەندەلی دیاریکرد؛ فەرید لەدایکبووی 1977ـی قەزای مەندەلییە، بەڵام زۆربەی تەمەنی لە بەغدا ژیاوە؛ بەشێک لە دانیشتووانی قەزاکە دەڵێن، دەیانەوێت کەسێک بکرێت بە قایمقام کە دانیشتووی شارەکە بێت، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارەکەی بەشێوەیەکی کاتی راگرتووە.
 
مەندەلی یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دیالە؛ ژمارەی دانیشتووانی قەزای مەندەلی نزیکەی 250 هەزار کەسە و ئێستا کەمتر لە 25٪ـی دانیشتووانەکەی کوردن؛ لەکاتێکدا پێشتر رێژەیان نزیکەی 95٪ بووە.
 
مەندەلی پێشتر قەزا بوو و ناحییەکانی بەلەدروز و قەزانییە، شارۆچکە بوون و سەر بەو قەزایە بوون، بەڵام لە ساڵی1987 لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی عێراقەوە کرایەوە ناحیە، بەڵام لە 12ـی ئاداری ئەمساڵ، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، بڕیار دەرچووە ناحییەکە بکرێتەوە قەزا؛ رۆژی 17ـی ئاداریش بە ئامادەبوونی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئاهەنگێکدا جارێکی دیکە کردنەوەی بە قەزا راگەیێندرا.