موقتەدا سەدر: جەنگی سیاسی دژی گەندەڵکاران گۆڕاوە بۆ جەنگی بیروباوەڕ
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت، "هەموو ئەوانەی بانگەوازی ئەوە دەکەن کە من ئیمام مەهدییم، دووژمنی خودا و خێزانی سەدر و دووژمنی منن". دەشڵێت، "جەنگی سیاسی دژی گەندەڵکاران گۆڕاوە بۆ جەنگی بیروباوەڕ".
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 23-05-2023، بە ئۆمبێلە میتسوبیشییەکەی باوکی لەگەڵ برازاکەی چووە سەر مەزاری باوکی و دوای هەندێک نزا و پاڕانەوە، گوتی، "هەموو ئەوانەی بانگەوازی ئەوە دەکەن کە من ئیمام مەهدییم، دووژمنی خودا و خێزانی سەدر و دووژمنی منن بەتایبەتی؛ هەروەها هەموو ئەوانەی کە ئەو گومانەیان لەسەر من هەیە، خەجاڵیەتیان کردووم کە پەیوەندییان لەگەڵ ئەو کەسانە نەپچڕاندووە من لێیان بێ بەریم. خودای گەورە کەسانی لە خواترسی خۆش دەوێت؛ تەوبەکردن بۆ ئەو کەسانە نییە کە بە درۆ بانگەوازی دەکەن".
محەممەد محەممەد سادق سەدر، باوکی موقتەدا سەدر لە 23ـی ئاداری 1943 لە ناوچەی کازمییەی بەغدا لە خێزانێکی ئایینپەرەوەر لەدایکبووە، لە 19ـی مانگی شوباتی ساڵی 1999 لەنەجەف لەلایەن لەلایەن دەسەڵاتی بەعس کوژرا.
رێبەری رەوتی سەدر قسە لەگەڵ باوکی دەکات و دەڵێت، "ئەگەر باوکم بپرسێت ئایا تۆ بانگەوازی ئەوەت کردووە کە ئیمامی مەهدییت، سەردارەکەم وەڵامت دەدەمەوە کە نە ئەوە بووە و نە ئەو مافەشم هەیە؛ ئەمە تاوان و ستەمێکی گەورەیە لە ئیمام مەهدی (خودای گەورە بە خێرایی سەرفرازی بکات). ئەوانەی بانگەوازی ئەوە دەکەن کە من ئیمام مەهدییم دووژمنی تۆن و دووژمنی منن و شوێنەکەوتەی خێزانی سەدر نین".
هەر لە درێژەی قسەکانیدا سەدر دەڵێت، "سەردارەکەم، وازم لەو کەسانە و بانگەوازەکەیان هێناوە، چونکە ئەوانە شایستە نین لەنێویاندا و لەگەڵیاندا بین؛ بۆ ئەوانەشی بانگەوازی ئەوە دەکەن کە من چاکەکارێکی ئەمینم، پێیان دەڵێم رووی چاکسازی و چاکەکاران مەشێوێنن؛ نامەوێت دەسەڵاتداری سەر زەوی بم و نامەوێت لە گەندەڵکاران بم".
لە کۆتایی قسەکانیدا موقتەدا سەدر جەخت لەوە دەکاتەوە کە "سەرکردەی چاکسازییم قبووڵە، موجتەهد و بێگوناهـ نیم و ئیمامیش نیم؛ ئەگەر بەم شێوەیە بێت با بەخێربێت، ئەگەرنا ئەمە جیاکردنەوەی نێوان من و ئێوەیە. دەمەوێت هۆشداریش بدەم کە جەنگی سیاسی دژی گەندەڵکاران گۆڕاوە بۆ جەنگی بیروباوەڕ، ئەمە نەریتی گەندەڵکار و درۆزنەکانە کە دەستی دەرەکیان لە پشتە".
شەوی 13-04-2023 شاری نەجەف شەوێکی ئاڵۆزی بەڕێکرد، ئەوەش بەهۆی بانگەشەی ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپی ناسراو بە "خاوەن دۆز"ی لایەنگری موقتەدا سەدر، کە بڕیار بوو ئەو شەوە لە مزگەوتی کوفە، موقتەدا سەدر وەک ئیمامی مەهدیی رابگەیێنن و بەیعەتی پێبدەن.
ئەوکات حەیدەر محەممەد جەبر، ئەمینداری گشتیی گرووپی خاوەنەکانی دۆزەکە رایگەیاند، "برایانم لە گەلی مەزنی عێراق؛ برایانم لە رەوتی سەدری شەریف، سڵاوی خواتان لێ بێت، لە گەندەڵیی گەندەڵکاران و ستەمی ستەمکاران و سەرشۆڕیی رزگارمان نابێت تاوەکو لەبەر دەرگەی چاکسازیی ئەمیندار، مەعسووم لە ئالی محەممەد نەبین. پێویستە داوای لێ بکرێت دەست لە دوورکەوتنەوەکەی هەڵبگرێت و دادپەروەرییەکەی بڵاوبکاتەوە."
خاوەنی دۆزەکە، گرووپێکی شیعەی عێراقن، باوەڕیان وایە موقتەدا سەدر بنبڕکەری ئەو گەندەڵییەی عێراقە کە 20 ساڵە نزیکەی 1500 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە و خەڵکەکەی بەدەست نەهامەتییەوە دەناڵێنن.
بانگەشەکە موقتەدا سەدری تووڕەکرد؛ ئەو رەوتی سەدری بۆ ماوەی ساڵێک سڕکرد و مەزاری باوکیشی تاوەکو دوای جەژن داخست. سەدر رایگەیاند، لە سەرکردایەتیکردنی رەوتی سەدر بەردەوام نابێت، ئەگەر خاوەنی دۆزەکە و کەسانی گەندەڵ و تاوانکارە گەورەکانی تێدابێت.
دوای تویتەکانی سەدر، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەستگیرکردنی 65 ئەندامی گرووپەکەی راگەیاند کە بە "مافیا" ناوی بردن و تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگەی دایە پاڵیان.
بەلای شیعەکانەوە ئیمامی مەهدی دوانزەیەم و دوایین ئیمامی ئەوانە، لە ساڵی 255ـی کۆچی، واتە هەزار و 189 ساڵ لەمەوبەر لەدایکبووە و لە ساڵی 329ـی کۆچی دیارنەماوە، بەڵام لە کۆتاییەکانی ژیانی سەر زەوی دەردەکەوێتەوە و خەڵک لە نادادی رزگاردەکات.