وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ رووداو: مانگی 11 سەرژمێری گشتی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە 20ی تشرینی دووەمی 2024، سەرژمێری گشتی لە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەکات بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رۆژی پێنچشەممە 23ی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە رۆژی 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێری گشتی لە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەکات، "ئەم سەرژمێرییە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە".
هینداوی جەختی لەوە کردەوە کە، "ئەم سەرژمێرییە پرسیاری ئایینی تێدایە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پرسیار لە نەتەوەی هاونیشتیمانیان ناکات."
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، "وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ناو ئەم مانگە (ئایار) لە هەموو پارێزگایەک ناوچەیەکی گوندنشین و ناوچەیەکی شارنشینی هەڵبژاردووە و پرۆسەی سەرژمێرییەکەی لێ تاقیکردووەتەوە، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ئەو ئاڵنگاری و کێشانەی رووبەڕووی پرۆسەکە دەبنەوە بۆ ئەوەی لە ئێستاوە چارەسەر بکرێن."
دەربارەی ئامانجی ئەم سەرژمێرییە، هینداوی گوتی، "ئەم سەرژمێرییە سوود و ئامانجی زۆرە، گرنگترینیان دەستکەوتنی بنکەیەکی زانیاری وردی گەشەپێدانە کە لە رێگەیەوە دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان بەدەست دێت."
رۆژی چوارشەممە، 22ی ئایار، محەممەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاند، نامەیەکی فەرمی ئاراستەی هەموو پارێزگارەکانی عێراق کردووە و داوای هاوئاهەنگی تەواو و پێشکێشکردنی ئاسانکاری کردووە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە لە پارێزگاکانیان و لە کاتی دیاریکراوی خۆی.
لە نامەکەیدا بۆ پارێزگارەکان، تەمیم ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم سەرژمێرییە گەرەنتییەکی راستەقینەیە بۆ ئەوەی پارێزگاکان مافە داراییەکانیان بەپێی ژمارەی راستەقینە و وردی دانیشتووانیان بە تەواوی بەدەستبهێنن.