سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پرسی قەدەخەکردنی مەدخەلییەکان: دژایەتیی حکومەتیان نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵوێستى خۆى لەبارەى پرسى قەدەخەکردنى مەدخەلییەکان راگەیاند و ئاماژەى بەوە دا، بزووتنەوەکە دژایەتیی حکومەتی نەکردووە و بۆ لێکۆڵینەوە لەو پرسەش لیژنەیەکیان لە پەرلەمان پێکهێناوە.
ئەمڕۆ هەینى 23ى ئایارى 2025 مەحموود مەشهەدانى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق راگەیێندراوێکى لەبارەى دەنگۆى قەدەخەکردنى بزووتنەوەى سەلەفیى مەدخەلى بڵاوکردەوە.
مەشهەدانى رایگەیاند، "پشوودرێژیمان نواند لە دەربڕینی راوبۆچوون، لەبارەى بزووتنەوەى سەلەفیى مەدخەلى تاوەکو ئاگاداربوون لە راستیی هەڵوێستی فەرمی سەبارەت بە قەدەخەکردنی بزووتنەوەکە، گوایە لایەنە ئەمنییەکان پاساوە یاساییەکانی خۆیان بۆ ئەوە خستووەتەڕوو."
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، "پرسیاری ئێمە ئێستا لەنێو ئەم ژاوەژاوەی شەقامی عەرەبیی سوننەدا ئەوەیە؛ ئایا کەسانێک هەن دەیانەوێت هەڵوێستی فەرمیی ئەمنی وەکو ناکۆک و دادوەر بخەنە نێوان گرووپێکی سوننە دژی گرووپێکی دیکەى سوننە؟ لەنێو ئەو ململانێیانەی کە هەمان مەزهەب بەخۆیەوە دەیبینێت، کە ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵە تێگەیشتنێکى روون و نەزانینی ئاڕاستەى راستەقینەى ئەو لایەنەی کە ئەو بزووتنەوەی قەدەخە کردووە."
ئەو راگەیێندراوەى مەحموود مەشهەدانى دواى ئەوە بوو، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نووسراوێکی راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق بڵاوکرایەوە، کە ئاراستەى پارێزگاکانى کردووە بۆئەوەى رێوشوێن بگرنەبەر دژى بزووتنەوە تووندڕەوەکان، بەتایبەت سەلەفیى مەدخەلى.
مەشهەدانى رایگەیاندووە، بزووتنەوەی سەلەفیی مەدخەلی، کە بەپێی روونکردنەوەیەکى بەیاننامەی راوێژکارێتیی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق قەدەخە کراوە، "بزووتنەوەیەک بووە دژایەتیی حکومەتی نەکردووە، بەڵکو رێگەشی نەداوە بە یاخیبوون لە فەرمانی حکومەت و حاکم، تەنانەت ساڵى 2003 هانی خەڵکی داوە بۆ چوونە ریزەکانی سوپا و پۆلیس."
بە گوتەى مەشهەدانی، لە پەرلەمان لە سەروبەندى پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەن سەبارەت بەو پرسە، کە لە لیژنەکانى ئەوقاف و کاروباری ئایینی، یاسایی، لیژنەی ئاسایش و بەرگری، مافی مرۆڤ پێکدێت، بە گوتەی ئەو، "ئەو قەدەخەکردنە ئاماژەیەکە بۆ تاوانبارکردنی پێشوەختە."
سەرۆکى پەرلەمان دەڵێت، "پێمانوایە بڕیارێکی لەم شێوەیە بۆ قەدەخەکردن، لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا بەهێز دەکات و رێگری دەکات لە ئازادیی بیروباوەڕ و رادەربڕین، کە لە دەستووردا فەراهەم کراوە."