گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق: ساڵانە سێ ملیۆن تۆن پاشماوەی پلاستیکی فڕێ دەدرێ
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ژینگەی عێراق هۆشداری دەدات لە زیانە ئابووری و تەندروستییەکانی پاشماوە پلاستیکییەکان و دەڵێ، عێراق وەک وڵاتێکی نەوتی لە پیشەسازیی پترۆکیمیاییدا لە دواوەیە و ساڵانە پارەیەکی زۆر بۆ هاوردەکردنی پلاستیک خەرج دەکات.
لوئەی موختار، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عێراق ساڵانە نزیکەی سێ ملیار دۆلار بەرهەمی پلاستیکی هاوردە دەکات، کە دەکاتە نزیکەی 3%ی بودجەی گشتی.
گوتەبێژی وەزارەتی ژینگە گوتی، "جێگەی نیگەرانییە عێراق وەک وڵاتێکی نەوتی، پیشەسازیی پترۆکیمیایی پەرەپێنەداوە و هاوشێوەی وڵاتانی کەنداو نییە."
گوتەبێژی وەزارەتی ژینگە ئاماژەی بەوە کرد، "مەترسییە گەورەکە" لەسەر ئەو پلاستیکانەیە کە تەمەنیان کورتە و بۆ یەکجار بەکاردێن وەک بوتڵی ئاو، کیسەی نایلۆن و قاپ و کەوچکی سەفەری.
لوئەی موختار دەڵێت، "60%ی بەرهەمهێنانی پلاستیک لە جیهاندا بۆ ئەم جۆرە پلاستیکە کورتخایەنانەیە کە دەبنە پاشماوە و مادە کیمیاییە وردەکانیان دەچنە نێو خاک، ئاو و جەستەی مرۆڤەوە."
لەبارەی بەکارهێنانەوەی ئەو مادە پلاستیکییانە، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگە گوتی، "پرۆسەی کۆکردنەوە و جیاکردنەوەی پاشماوە پلاستیکییەکان لە عێراقدا تێچوویەکی زۆری دەوێ و زۆرجار لە رووی ئابوورییەوە قازانجی نییە، بۆیە کەرتی تایبەت کەمتر دەستی بۆ دەبات. تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش تەنیا 10%ی پلاستیک ریسایکلین دەکرێ."
ئامارەکان چی دەڵێن؟
بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی ژینگەی عێراق کە بۆ رووداو خراونەتەڕوو:
- هەر هاووڵاتییەکی عێراقی رۆژانە یەک کیلۆگرام پاشماوە بەرهەم دەهێنێت.
- بەهۆی ئەوەی دانیشتووانی عێراق زیاتر لە 45 ملیۆن کەسە، رۆژانە پتر لە 45 هەزار تۆن پاشماوە فڕێ دەدرێ.
- رێژەی پلاستیک لەو پاشماوانەدا لە نێوان 20% بۆ 40%ـە، واتە رۆژانە نزیکەی 10 هەزار تۆن پلاستیک دەبێتە پاشماوە.
- ساڵانە عێراق نزیکەی سێ ملیۆن تۆن پاشماوەی پلاستیکی فڕێ دەدات.
"هاوردەکردنی کیسەی نایلۆن قەدەخە کراوە"
لوئەی موختار باسی لەوە کرد کە "لیژنەیەکی نیشتمانی" کە ساڵ و نیوێکە پێکهێنراوە و نوێنەری هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، سیاسەتێکی نوێی داناوە. لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی نوێدا، بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی کیسەی نایلۆن دەرکرا.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق:
- هاوردەکردنی کیسەی نایلۆن بە تەواوی قەدەخە دەکرێ.
- بەکارهێنانی ئەم کیسانە لە مۆڵ، نانەواخانە و گۆشتفرۆشەکان قەدەخە دەبێت.
- بڕیارەکە دوای 6 مانگی دیکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
- بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ناوەستێت، بەڵام باجی زۆری دەخرێتە سەر بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی کەم بکرێتەوە.
جێگرەوەی پلاستیک چییە؟
لوئەی موختار گوتی، "دەمانەوێت هاووڵاتییان ناچار بن کیسەی قوماش بکڕن و لەگەڵ خۆیان بیبەن بۆ بازاڕ، نەک هەموو جارێک کیسەی نایلۆن فڕێ بدەن."