مەسرور بارزانی دەڵێت وەڵامی ئەرێنیی وەرگرتووە و حەلبووسیش سەردانی هەولێر دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم کۆبووەوە. لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، مەسرور بارزانی گوتی: "وەڵامی ئەرێنیمان وەرگرتووە کە دەبێ ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن."
 
دوای کۆبوونەوەکە کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئایاری 2026 کرا، مەسرور بارزانی و محەممەد حەلبووسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەیان بۆ میدیاکان کرد.
 
مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، "خۆشحاڵین بە دیدار و بینینی بەڕێز حەلبووسی و حیزبی تەقەدووم، ئێمە پەیوەندییەکی کۆن و دوورودرێژمان هەبووە، بۆ ئەوە هاتووین دیسان تەئکید لەسەر ئەوە بکەینەوە کە بتوانین ئەو کێشانەی کە هەن چارەسەریان بکەین و هەنگاوی نوێ بنێین بۆ ئەوەی بیر لە داهاتوویەکی باشتر و پشتیوانیی حکومەتی ئێستای فیدراڵی."
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و تەقەدوم، مەسرور بارزانی، کە جێگری سەرۆکی پارتیشە گوتی: "بیر و بۆچوونی سیاسیی جیاواز لە زۆر کاتدا دەبێت، بەڵام ئەوەی دیارە ئینشائەڵڵا دەتوانین هەنگاوی نوێتر بهاوێژین و چاومان لەوەیە کە ئینشاڵڵا لە داهاتوو پەیوەندیی زۆر زۆر باشترمان هەبێت."
 
مەسرور بارزانی، باسی دیدی حەلبووسیی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گوتی: "زۆر جار پشتیوانی ئەوەبوون  کێشەکان چارەسەر بکرێن، نەک ئێستا، پێشتریش پشتیوانی ئەوەبوون کە کێشەی مووچە چارەسەر بکرێ، نەک تەنیا بەڕێز (حەلبووسی) کە خۆی لێرە ئامادەیە، بەڵکو هەموو ئەو لایەنانەی کە ئەمڕۆ بینیومانن، هەموویان داکۆکییان لەوە کردووە کە بابەتی مووچە کێشەیەکی بنەڕەتییە و دەبێ چارەسەر بکرێت و نابێ تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێ."
 
چەند پرس و کێشەیەکی چارە نەکراو لەنێوان هەولێر و بەغدا ماونەتەوە، دیارترینیان بابەتەکانی (مووچە، بودجە، مادەی140 و وەرگرتنی گەنمی جووتیاران)ن. مەسرور بارزانی لەوبارەوە گوتی: "قسەمان کردووە و وەڵامی ئەرێنیشمان وەرگرتووە و هەموویان هاوڕابوون کە دەبێ ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن."
 
هاوکات محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم باسی کۆبوونەوەکەی کرد و گوتی: "سەردانەکەی بەڕێزیان (مەسرور بارزانی) لەم کاتەدا زۆر گرنگە." گوتیشی: "پێکەوە جەختمان لە پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی عێراق کرد و گرنگی پاراستنی بنەما جێگیرەکان و تەواوی مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق. هەروەها گرنگە لە بەرپرسیارێتییەکاندا هاوبەش بین و بەرپرسیارانە رووبەڕووی هەموو سەختی و ئاڵنگارییەکان ببینەوە."
 
سەرۆکی حیزبی تەقەدوم دەڵێ، پێویستمان بە هاوئاهەنگییە بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان سەربەخۆ بێت و جگە لە عێراقییەکان کەس دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی نەکات. "هەروەها پێویستە شکۆی خەڵک و شایستەکانیان پارێزراو بێت لە رێگەی دەستگرتن بە دەستوورەوە." 
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆنگرەکەدا ئامادەبوو و پرسیاری لە حەلبووسی کرد: دوو هەفتە پێش ئێستا کاک نێچیرڤان و ئەمڕۆش کاک مەسرور سەردانی کردن، ئێوە کەی سەردانی هەولێر دەکەن" 
 
حەلبووسی لە وەڵامدا گوتی: "بەمنزیکانە ئینشائەڵڵا."