بەرپرسێکی سادیقوون: نابێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێتە کارتی گوشاری سیاسی
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی بزووتنەوەی سادیقوون، باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێ، نابێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێتە کارتی گوشاری سیاسی و لەسەر بنەمای براوە و دۆڕاو مامەڵەی لەگەڵ بکرێ.
ئیسرا نەجم، ئەندامی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی سادیقون بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی، رۆژی شەممە، 23-5-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو عێراقییەکان لە ماف و ئەرکدا یەکسانن. هیوادارین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەبێتە دۆسیەیەک بۆ گوشاری سیاسی."
هێشتا روون نییە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێش جەژنی قوربان مووچەی ئەم مانگە وەردەگرن یان نا، لەکاتێکدا لە عێراق دابەشکردنی مووچە دەستیپێکردووە.
ئیسراء نەجم ئاماژەی بەوەش کرد: "چارەسەرکردنی کێشەکان تەنیا ناکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، بەڵکو ئەوە بابەتێکی دوولایەنەیە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەندە بە رادەی پابەندبوونی هەردوولا بە دەستوور و یاساوە."
ئەو ئەندامەی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی سادیقون گوتی: "نابێت بنەمای براوە و دۆڕاو هەبێت و پێویستە هەموو دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی حکومەتەکانی رابردوو چارەسەر بکرێن. سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەم کاتەدا زۆر گرنگە."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای دیکەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆبێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "لە کۆبوونەوەکاندا وێڕای گفتوگرکردن لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ دەکرێ".
لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە کۆی 23 وەزیر، 14 وەزیری کابینەکەی عەلی فالح زەیدی دەنگیان لەسەر درا و هەندێکیان رەتکرانەوە و هەندێک دیکەش پێشکێش نەکران. ئیسراء نەجم گوتی: "دوای جەژن، دەنگ لەسەر تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی دەدرێ."
ئەندامەکەی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی سادیقوون رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا ناوی بەربژێریان بۆ پۆستی وەزیری کار پێشکێش نەکردووە، بەڵام دانوستاندن و گفتوگۆ بەردەوامە و لە کاتی خۆیدا ناوەکە رادەگەیێنین."
سەبارەت بە بوونی ڤیتۆی ئەمریکا لەسەر بەشداریکردنیان لە حکومەت، ئیسرا نەجم گوتی: "هیچ ڤیتۆیەکی ئەمریکامان لەسەر نییە و بەڵگەکەش ئەوەیە کە دەنگ بە عەدنان فەیحان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق درا کە سەر بە بزووتنەوەی سادیقوونە."