ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق: پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز لە کارە هەرە لەپێشینەکانمان دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی نەوت، گاز و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، پەسندکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز لە کارە هەرە لەپێشینەکانیان لە پەرلەمان دەبێ. ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانجی سەرەکی لەو هەنگاوەیان گەرەنتیکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی نەوت و رێکخستنی بەڕێوەبردنییەتی.
محەممەد فەرتووسی، ئەندامی لیژنەی نەوت، گاز و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە، 23ـی ئایاری 2026 بە رووداوی راگەیاند، "بەرنامەی حکومەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیە کە لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەن. لەم خولەی پەرلەماندا هەوڵی چارەسەری ئەو کێشانە دەدەین."
محەممەد فەرتووسی لەبارەی پرسی پەسندکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق قسەی کرد و رایگەیاند، "هەبوونی یاسایەک لەو بوارەدا لە گرنگترین یاسا ستراتیژییەکان دەبێ، بەتایبەتی کە هەموو لایەک دەزانێ عێراق بە رێژەی 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ ئامادەکردنی بودجەکەی."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق گوتی، لیژنەکەیان رژدە لەسەر تەواوکردنی داڕشتنی پڕۆژەیاسا و پەسندکردنی لە خولی ئێستای پەرلەماندا؛ ئاماژەی بەوەش کرد، جووڵەیەک بۆ راوێژکردن لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان و لایەنە یاساییەکان هەیە، بە مەبەستی گەیشتن بە رەشنووسێکی کۆتایی کە مافی هەموو پێکهاتەکان بێ پەراوێزخستن بپارێزێ.
یەکەم کۆپی رەشنووسى پرۆژەیاساى نەوت و گازى عێراق لە ساڵى 2007 لەلایەن حکومەتى فیدراڵیی عێراقەوە ئامادەکرا کە لە 43 مادە پێکهاتووە، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى نێوان بەغدا و هەولێر لە پەرلەمان پەسند نەکرا.
لەسەر بنچینەی ئەو پرۆژەیاسایە، دەبوو ئەنجوومەنى فیدراڵیى نەوت و گاز پێکبهێندرێ کە ئەرکى دیاریکردنى سیاسەتى نەوتى دەبێت لە عێراق کە هەرێمى کوردستان نوێنەرێکى بە پلەى وەزیر تێدا دەبێت.
دواتر لە ساڵى 2011 پرۆژەیاسایەکى دیکەی ئەو بوارە لە پەرلەمانى عێراق گەڵاڵە کرا کە لە 49 مادە پێکهاتبوو، بێ ئەوەى ئەو پرۆژەیاسایەش تاوتوێ بکرێ.
هاوکات ئەشواق جاف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، "یەکێک لە داواکارییەکانی کورد لە کابینەی نوێی حکومەت هەبوونی یاسای نەوت و گازە. ئەگەر یاساکە بەپێی دەستوور ئامادەبکرێ، ئەوکات لە زاخۆ تاوەکو بەسرە کێشەکان چارە دەبن."
سەبارەت بە میکانیزمەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکە، محەمممەد فەرتووسی باسی لەوە کرد کە کارەکان پشت بە رەشنووسەکانی پێشوو و لێکتێگەیشتنە بەردەوامەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەبەستن.