عەلی زەیدی بۆ مەسرور بارزانی: ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتنە
رووداو دیجیتاڵ
سهرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان لهگهڵ سهرۆكوهزيرانی عێراق كۆبووهوه. لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێک تاوتوێ کران و سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتنە."
ئەمڕۆ شەممە 23-05-2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
له کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕیوە بۆ سەرخستنی حکومەتەکەی لەپێناو خزمەتکردنی گشت پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بێ جیاوازی.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کردەوە."
هاوکات، وەکو لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی مەسرور بارزانی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە: ئێمە هەموومان هاوبەشین لەم وڵاتەدا و ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکان، گەیشتن بە رێککەوتن و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانە بێ جیاوازی."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پتەوکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان.