مەسرور بارزانی جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لە گرنگیی هاوئاهەنگیی باڵا و هاوکاریی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق "بابەتە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان، جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا و کارەکانی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی هاوئاهەنگیی باڵا و هاوکاریی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ئیدارەدانی بابەتە تەکنییەکان، لابردنی ئاستەنگییەکان و چارەسەرکردنیان بەگوێرەی یاسا و دەستوور."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، عەلی فالح زەیدی "پەرۆشیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان نیشان دا" و رایگەیاند، ''هەمووان لەم نیشتمانەدا هاوبەشن؛'' ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی حکومەتەکەی گەیشتنە بە رێککەوتنێک کە بەرژەوەندییەکانی وڵات و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەدیبهێنێت.
لای خۆیەوە مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی کردەوە بەبۆنەی وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان و بوون بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە کابینە وەزارییەکەی دەکات و "جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان بەگوێرەی دەستوور کردەوە."