زەوییە دێمییەکانی عێراق دەکرێنە پڕۆژە؛ مادەیەکى یاساى بودجە دوایین بزماری لە تابوتى ئەو زەوییانەدا


رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو دێت رووبەری زەویی کشتوکاڵی لە عێراق کەمتر دەبێتەوە. گۆڕانى کەشوهەوا وا لە خاوەنەکانیان دەکات دەستبەرداریان ببن و ئاراستەى بژێویی ژیانیان بگۆڕن. 
 
مادەیەکى یاساى بودجە دوایین بزماری لە تابوتى ئەو زەوییە دێمییانە دا، کە ئەستەمە ئاویان پێ بگات. لە مادەی 54ـى یاساى بودجە هاتووە: لەدواى وەرگرتنى رەزامەندیى هەردوو وەزارەتى ژینگە و کشتوکاڵ، دەکرێت ئەو زەوییە دێمییانەى کە ئاویان پێناگات یان شیاو نەماون بۆ کشتوکاڵ، پڕۆژەى دیکەیان تێدا جێبەجێبکرێت.
 
لەو رەشنووسەى یاساى بودجەى گشتى، کە لە حکومەتەوە نێردرابوو، بەکارهێنانى زەویی کشتوکاڵی بۆ مەبەستی دیکە، تەنیا پێویستى بە رەزامەندیى وەزارەتى ژینگە بوو، لە پەرلەمان وەزارەتى کشتوکاڵى بۆ زیاد کرا.
 
بەشێک لە پەرلەمانتاران پێیانوابوو زیادکردنى ئەو وشەیە دەرگەى بەکارهێنانى زەویى دێمى بۆ پڕۆژەى دیکە، زیاتر دەکاتەوە، لەکاتێکدا وەزارەتى ژینگە رێگر دەبوو، بەشێکى دیکە پێیانوابوو، بڕیاردانى یەک وەزارەت لەو پرسەدا ئەگەر هەیە گۆڕینى جۆرى ئەو زەوییانە ئاسانتر بکات، بۆیە وەزارەتى کشتوکاڵى بۆ زیاد کرا.
 
ئێستا 29 ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵى لە عێراق شیاوە بۆ چاندن، بەڵام نزیکەى 18 ملیۆن دۆنمى بەکاردەهێندرێت، بەهۆى وشکەساڵییەوە 27 ملیۆن دۆنم بەبیابان بوون، کە دەکاتە 15%ـى تێکڕاى رووبەرى عێراق.
 
لە پرسی وشکەساڵیدا بۆ عێراق گۆزەکە لە 100 لاوە شکاوە، کێشە تەنیا چارەنووسى ئەو زەوییانە نییە کە شیاو نەماون بۆ کشتوکاڵ، بەڵکو کەمبوونەوەى ئاوى رووبارى دیجلە و فورات بۆ نیوەى بڕى پێویستى خۆى وادەکات کە زەوییە بەراوەکانیش مەترسیی دەستبەرداربوونیان لەسەر بێت.
 
بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوى هەردوو رووبارى دیجلە و فورات، یەدەگى ئاو بۆ حەوت ملیار مەتر سێجا کەمبووەتەوە، لەکاتێکدا لەساڵى 2020 بڕەکەى نزیکەى 60 ملیار مەتر سێجا بووە.
 
خالید شەمال، گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق دەڵێت، "رووبارى دیجلە ئەمڕۆ بڕى ئاوەکەى 205 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، لەکاتێکدا دەبوو 500 مەتر سێجا کەمتر نەبێت لە چرکەیەکدا. ئاوى رووبارى فوراتیش 153 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، لەکاتێکدا دەبووایە لەنێوان 400  بۆ 500 مەتر سێجا بێت لە چرکەیەکدا، بەوەش عێراق رووبەڕووى کورتهێنان بووەتەوە لە رووى بەشە ئاوەکەى کە لە نێوان 30% بۆ 50%ـى بەشە ئاوەکەى پێدەگات."
 
کێشەى کەرتى کشتوکاڵ لە عێراق زۆرە و پارە بۆ چارەسەرى کەمە، لە نزیکەى 199 تریلیۆن دینارى پارەى بودجەى گشتى، تەنیا 3.2 ترلیۆن دینار بۆ کەرتى کشتوکاڵ و ئاودێرى تەرخانکراوە، کە دەکاتە 1.6%ـى تێکڕاى پارەى بودجەکە.