کۆمپانیاى نەوتى بەسرە: کۆمپانیاى KBRی ئەمریکی سيستمى چاودێریى لەسەر سنوورى ئێران دانەناوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیاى نەوتى بەسرە رەتیدەکاتەوە کۆمپانیاى KBRى ئەمریکى، کە گرێبەستى لەگەڵیدا هەیە، سیستمى چاودێریى لە کێڵگەیەکى سەر سنوورى ئێران دانابێت.
 
22ى حوزەیرانى 2025 کۆمپانیاى نەوتى بەسرە راگەیێندراوێکى لەبارەى ئەو دەنگۆیانە بڵاوکردەوە گوایە ئەو کۆمپانیا ئەمریکییە لە یەکێک لە کێڵگەکانى نەوتدا سیستمى چاودێریى (رادار)ى لەسەر سنوورى ئێران داناوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتی هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە، گوایە کۆمپانیای KBRى ئەمریکى، کە لە کێڵگەی مەجنوون لەنزیک سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێران کار دەکات، لە شوێنی کارکردنی خۆی لەنێو کێڵگەکەدا راداری داناوە. کۆمپانیاکە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرە هەیە بۆ بەدواداچوونی ئەو پڕۆژانەی لە کێڵگەکەدا جێبەجێ دەکرێن، کێڵگەکەش بە تەواوەتی لەلایەن ستافی کۆمپانیای نەوتی بەسرە بەڕێوەدەبرێت."
 
کێڵگەى مەجنوون لە سنوورى پارێزگاى بەسرەیە و هاوسنوورى پارێزگاى خوزستانى کۆمارى ئیسلامیی ئێرانە.
 
کۆمپانیاى نەوتى بەسرە دەڵێت، "هیچ رادارێک لەلایەن کۆمپانیای KBR دانەنراوە و ئەو هەواڵە بە تەواوی دوورە لە راستییەوە."
 
کۆمپانیاى KBRى ئەمریکى تایبەتە بە پێشکێشکردنى خزمەتگوزاریى ئەندازیاری و تەکنەلۆژى، جگە لە گرێبەستەکەى لە کێڵگەى نەوتى مەجنوون، گرێبەستێکى دیکەى هەیە لەگەڵ حکومەت لە بوارى پێشکێشکردنى راوێژ بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکان.