نووسینگەى جێبەجێکردنی مادەی 140 لە نەینەوا دەکرێتەوە؛ 30 هەزار کەس قەرەبوو نەکراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دواى 11 ساڵ نووسینگەى جێبەجێکردنى مادەى 140 لە نەینەوا دەکرێتەوە. ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگای نەینەواش دەڵێت، زیاتر لە 30 هەزار کەس ماون قەرەبوو بکرێنەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 23ى حوزەیرانى 2025، نووسینگەى جێبەجێکردنى مادەى 140 لە نەینەوا بۆ جارێکى دیکە بکرێتەوە.
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو نووسینگەیە لە شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاى نەینەوا دەکرێتەوە، لەبرى هەردوو نووسینگەى مادەى 140 لە شنگال و مەخموور، کە پێشتر هەبوون.
ساڵى 2014 رێکخراوى داعش هێرشی کردە سەر شارى موسڵ و بەهۆیەوە ئەو دوو نووسینگەیەى مادەى 140 داخران کە تایبەتن بە قەرەبووکردنەوەى هاونیشتمانیى کورد و کریستانەکان لە نەینەوا، کە لە سەردەمى دەسەڵاتى پێشووى عێراق راگوێزرابوون.
محەممەد کاکەیی گوتی، "نزیکەى 50 هەزار کەس مامەڵەى قەرەبووکردنەوەیان لە لیژنەى مادەى 140 بۆ کراوە و 30 هەزار کەسى دیکە ماون کە قەرەبوو بکرێنەوە، لەگەڵ کردنەوەى نووسینگەکە دەست دەکرێت بە وەرگرتنى مامەڵەى ئەوانەى قەرەبوویان وەرنەگرتووە."
بەگوێرەى مادەى 140، هەر خێزانێکی ئاوارە 10 ملیۆن دینار و عەرەبى هاوردە 20 ملیۆن دینار قەرەبوو وەردەگرن.
رووداو زانیویەتى کوردێکی کەرکووک بەربژێرە بۆئەوەى بکرێتە بەڕێوەبەرى نووسینگەى نەینەواى مادەى 140ی دەستووری عێراق.