کۆمپانیای نەوتی باکوور زیاتر لە 700 پاسەوانی عەرەب دەگەڕێنێتەوە سەر کار
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوتی باکوور، بڕیاری دەستبەکاربوونەوەی زیاتر لە 700 پاسەوانی دەرکرد کە سەرجەمیان لە نەتەوەى عەرەبن. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، ئەو کەسانە لە سنووری کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەدین کاردەکەن و خەڵکی ئەو دوو پارێزگایەن.
کۆمپانیای نەوتی باکوور لە راگەیێندراوێکدا ناوی 766 پاسەوانی ئەمنی بڵاوکردووەتەوە و داوایان لێدەکات، لە 24ی حوزەیرانەوە تاوەکو 6ی تەممووز، سەردانی ئۆفیسی کۆمپانیاکە بکەن لە کەرکووک، بۆ ئەوەی بە فەرمی دابمەزرێن.
ئەو 766 پاسەوانە ئەمنییەی کە کۆمپانیای نەوتی باکوور ناوی بڵاوکردوونەتەوە، سەرجەمیان لە نەتەوەی عەرەبن.
دووشەممە، 23ى حوزەیرانى 2025، ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو کەسانە ئەوانەن کە بەهۆی شەڕی داعشەوە لە کارەکانیان دابڕابوون و بە گوێرەی بڕیارێکی ساڵی 2019 بەچەند مەرجێک دەگەڕێنرێنەوە سەر کارەکانیان و دەستبەکاردەبنەوە.
ساڵی 2019، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا ئەوانەی بە گرێبەست دامەزرابوون و بەهۆی ئەوەی شەڕی داعش لە ناوچەکانیاندا بووە و نەیانتوانیوە دەستبەکاربن، بگەڕێنرێنەوە سەر کارەکانیان کە بە "گرێبەست هەڵوەشاوەکان" ناسراون.
ئەحمەد کەرکووکی رایگەیاند، ئەو 766 کەسە لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی نەینەوا و سەڵاحەدین دامەزراون و خەڵکی ئەو دوو پارێزگایەشن، لەکاتی شەڕی داعشدا نەیانتوانیوە لە پۆستەکانیان دەستبەکاربن.
هاوکات کۆمپانیای نەوتی باکوور لیستێکی دیکەی بڵاوکردووەتەوە کە ناوی 384 فەرمانبەری راهێنراو لەخۆدەگرێت و ئەوانیش بە هەمان شێوەى گرێبەست هەڵوەشاوەکان دادەمەزرێنرێنەوە.
ئەحمەد کەرکووکی گوتی: "زۆرینەی ئەو 384 کەسە، کوردى کەرکووکن".