دوو هێزی حەشدی شەعبی رەخنە لە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەگرن: قبوڵکراو نییە

رووداو دیجیتاڵ

دوو هێزی نێو دەستەی حەشدی شەعبی کە نزیکن لە ئێران، رەخنە لە لێدوان و هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەگرن لەبارەی پڕۆژەیاسای دەستەکەیان، بەرپرسی یەکێک لەو دوو هێزە دەڵێت: "قبوڵکراو نییە."
 
چوارشەممە 23ی تەممووزی 2025، حوسێن موئنس، سەرۆکی (بزووتنەوەی حقووق) کە باڵی سیاسیی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقە، لە نووسینێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رەخنەی لە داواکاریی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گرت، لەبارەی پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی.
 
حوسێن موئنس نووسیویەتی: "راسپاردەکانى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تەنیا لەسەر رۆڵە ناشەرعییەکانیان لە عێراق جێبەجێ دەبێت، بەڵام ئازادکراوەکان قسەی خۆیان هەیە بەرامبەر بەو دیپلۆماسییەتە نەشیاوە."
 
ئەو گوتانەی بەرپرسەکە لەدوای ئەوە بوو کە 22ی تەممووز، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و تیایدا "نیگەرانیی قووڵی" ئەمریکای سەبارەت بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتکردەوە، کە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە. جەختی لەوەشکردەوە هەر یاسایەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی "بەدامەزراوەییکردنی هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکان و ئەمەش سەروەریی عێراق لاواز دەکات."
 
سەرۆکی بزووتنەوەی حقووق نووسیویەتی: "کاردانەوەی گونجاو بۆ ئەو پێشێلکارییە، هەنگاونانە بۆ پەسندکردنی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی."
 
پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی 16ی تەممووزی 2025، لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرا وەک هەنگاوێک بەر لە دەنگدان و پەسندکردنی.
 
23ی تەممووز، عەلی ئەسەدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا، لە نووسینێکیدا لە تۆڕی ئێکس، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق تۆمەتبار کرد و گوتی: "ئەوە قبوڵکراو نییە."
 
عەلی ئەسەدی، کە بزووتنەوەکەی یەکێکە لە هێزەکانی دیکەی حەشدی شەعبی کە نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، نووسیویەتی: "دەبێت سەرکردایەتیی وڵات بە هەموو پێکهاتەکانییەوە ئەو جۆرە مامەڵە نەشیاوە رەتبکاتەوە، ئەوە بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر رەوایەتیی موقاوەمە و گرنگیی بەردەوامیی لەپێناو پاراستنی عێراق لە پێشێلکارییەکان."