واژۆ بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کۆدەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا واژۆ بۆ لێپرسینەوە لە عەمار حەمدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆدەکرێتەوە.
عامر داود فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، رۆژی چوارشەممە، 23-07-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەنێو ئەنجوومەنەکەیان واژۆ بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کۆدەکرێتەوە، "بە پاساوی ئەوەی سەرپێچیی یاسایی، کارگێڕی و دارایی کردووە."
عامر داود فەیلی گوتیشی، بە وردیی نازانێت پاساوەکانیان چین، بەڵام خۆی لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نییە.
ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە 49 کورسی پێکدێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا ئاماژەی بەوەدا، نزیکەی مانگێکە هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی واژۆکان دەدرێت، بەڵام تائێستا پرسەکە یەکلایی نەبووەتەوە و وادەیەکیش بۆ کۆبوونەوەی لێپرسینەوەکە دیاری نەکراوە.
بە گوێرەی لیستێکی واژۆکان کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، 19 ئەندامی ئەنجوومەنەکە واژۆیان لەسەر داوای لێپرسینەوەکە کردووە.
عەمار حەمدانی سەر بە پارتی تەقەدوومە، کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتیی دەکات.