کەمیی نەختینە کێشەی بۆ ناردنى مووچەى هەرێمى کوردستان دروستکردووە
رووداو دیجیتاڵ
کەمی فرۆشی دۆلار، کەمبوونەوەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، زیادبوونی کورتهێنان، زۆرى خەرجى و کەمى داهات، کێشەی کەمیی نەختینەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دروست کردووە. ئەمەش یەکێک بوو لە پاساوەکانی دواکەوتنی مووچەی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا رێکارەکانی ناردنی تەواوکراون.
لە 22ی تەممووزەوە، وەزارەتی دارایی عێراق رێکارەکانی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، بەبێ ئەوەی ئەو پارەیە بنێرێت، کە زیاتر لە 900 ملیار دینارە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، رێکارەکانی ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەو وەزارەتە تەواو بووە، بەڵام پارەی پێویستی لەبەردەست نەبووە بۆ ناردنی و چاوەڕێی دەستکەوتنی دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا بە رووداوی گوت، "وەزارەتی دارایی چاوەڕێی ئەوەیە بانکی ناوەندی پارەی بۆ بنێرێت لەو پشکەی کە بەگوێرەی گۆڕینەوەی دۆلار پێی دەدات. دواکەوتنەکە کێشەیەکی تەکنیکی بووە و ئەگەری زۆرە لەگەڵ گەیشتنی پارە لە بانکی ناوەندییەوە، پارەی مووچە بنێردرێت، ".
وەزارەتی دارایی عێراق، دۆلار بە بانکی ناوەندی دەدات تاوەکو بەپێی رێکارەکانی بیفرۆشێت. بڕی فرۆشی دۆلار پەیوەستە بە ئاستی خواست لەسەری.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ بڕی دۆلاری فرۆشراو لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە، بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوو، نزیکەی 30% کەمی کردووە.
پارە کەمە
کێشەی کەمیی نەختینە لە عێراق پەیوەندیدارە بە کەمی داهات بەراورد بە زۆریی خەرجییەکانی. تەنیا بۆ مووچە، عێراق مانگانە پێویستی بە 7.5 تریلیۆن دینارە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی رایگەیاند، چەند هۆکارێک هەیە بۆ دروستبوونی کێشەی کەمیی نەختینە، لەوانە: نەبوونی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بەهۆی پەسندنەکردنی خشتەی بودجەی 2025 کە بەهۆیەوە فرۆشی دۆلار کەم بووەتەوە، هەروەها کەڵەکەبوونی کورتهێنانی بودجە، کە کورتهێنانی خەمڵێندراو لە بودجە بووەتە کورتهێنانی راستەقینە و گەیشتووەتە 63 تریلیۆن دینار.
خەرجیی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 37.6 تریلیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا لەو ماوەیەدا داهات بە نەوتی و نانەوتییەوە 28 تریلیۆن دینار بووە، بەوپێیە کورتهێنانەکەی 9.6 تریلیۆن دینار بووە.
بەگوتەى ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی کێشەی کەمیی نەختینە، کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ و نەوتە بەهۆی دابەزینی بەهای نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
داهاتی نەوت لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 24.9 تریلیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا چوار مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو داهاتی نەوتی 38 تریلیۆن و 26 ملیار دینار بووە. بەوپێیە، کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی گەیشتووەتە زیاتر لە 13 تریلیۆن دینار.
پارەی مووچە زیاد بووە
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، یەکێک لە هۆکارەکانی کورتهێنانی بودجە و کێشەی نەختینە، زیادبوونی پارەی مووچەیە بەراورد بە پار.
لە چوار مانگی یەکەمی 2024، بڕی پارەی پێویست بۆ مووچە 26.2 تریلیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ئەم ساڵدا بڕی پارەکە گەیشتووەتە 29.8 تریلیۆن دینار. بەو پێیە، پارەی مووچە 3.6 تریلیۆن دیناری زیاد کردووە.
رۆژی 20ی تەممووزی 2024، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی کرد. جەمال کۆچەر کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو، گوتی، "لە تەیف سامیم پرسی ئایا کێشەی نەختینەیان بۆ مووچە هەیە؟ پێیگوتم کە مووچە هێڵی سوورە و پارەکەی دابین کراوە".
ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی 15ی نیسانی 2025، دەسەڵاتی بە وەزیری دارایی دا بۆ راکێشانی پارەی سپاردەی بانکی، کە پێنج ساڵە دانراون و بڕەکەی سێ تریلیۆن و 45 ملیار و حەوت ملیۆن و 500 هەزار و 252 دینار بووە، بۆ پارەدارکردنی مووچەی مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر.