بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ رووداو: مانگی داهاتوو ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، وڵاتەکەی بەلایەوە گرنگە هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی هێڵی تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان دەستپێبکاتەوە. لەبارەی سەردانی چاوەڕوانکراوی ئەردۆغانیش بۆ عێراق گوتی، مانگی داهاتوو سەرۆککۆماری تورکیا سەردانەکەی دەکات.
 
دکتۆر هیشام عەلەوی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "عێراق بەلایەوە گرنگە هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی هێڵی تورکیا و بۆ بەندەری جیهان دەستپێبکاتەوە، لێرەدا بڕیاری دادگە هەیە، کۆمەڵێک دۆسیە هەیە کە پەیوەستە بە دۆسیەی هەناردەی نەوت و ئەمە پێویستی بە گفتوگۆ و رێککەوتن هەیە لەسەری."
 
لەبارەی سەردانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا، دکتۆر هیشام عەلەوی دەڵێت، بەشێکی ئەو سەدانە پەیوەندی بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتەوە هەیە "بۆ گەیشتنە چارەسەرێک کە لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدا بێت."
 
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کرد، "زۆر دڵنیا نیم ئەم مانگە سەرۆک ئەردۆغان بگاتە عێراق، بەڵام مانگی داهاتوو سەردانەکە ئەنجام دەدات، سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا و پاشانیش وەزیری ئابووری و بازرگانیی تورکیا ئامادەکارییەکە بۆ سەردانی شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان".
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 22-03-2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی کۆبووەوە. دواتر هەردوو وەزیرەکە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان ئەنجامدا. 
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممەش محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە هاکان فیدان کرد و کۆبوونەوە.