کۆمیسیۆنی عێراق: ئامێرەکانی دەنگدان کۆرین، بەڵام خۆمان پرۆگرامیان دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، 581 بەربژێری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دوورخراونەتەوە؛ نزیکەی 70 هەزار ئامێری دەنگدان گەیشتوونەتە نووسینگەکانی کۆمیسیۆن و بڕیاریشە کۆتایی ئەم مانگە سێیەم پرۆسەی تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان بکرێت.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ شەممە 23ی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆی گشتیی ئەو بەربژێرانەی تاوەکو ئێستا دوورخراونەتەوە، گەیشتووەتە 581 بەربژێر."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320یان گشتی و 9ەکەی دیکە کۆتان؛ زیاتر لە 7000 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردن بەربژێر کردووە.
 
بە گوتەی عیماد جەمیل، 195 بەربژێر کە دوورخراونەتەوە بەهۆی کەموکوڕی لە بەڵگەنامەکانیان و پابەندنەبوون بووە بە مەرجەکانی بەربژێربوون و ئەو رێژەی کە کۆمیسیۆن دایناوە لەبارەی بڕوانامەکان و نوێنەرایەتی ژنان لەنێو ئەو لیستانە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، 104 کەسی دیکە لەسەر بەڵگەی تاوان و 15 کەس بەهۆی بڕوانامەی ساختە و نزیکەی 10 بەربژێری دیکەش لە پێکهاتەکان دوورخراونەتەوە.
 
عیماد جەمیل باسی ئامێرەکانی دەنگدانی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "ئامێرەکانی دەنگدان گەیشتوون و بەسەر کۆگاکانی نووسینگەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان دابەشکراون کە ژمارەیان نزیکەی 70 هەزار ئامێرە. ئامێری دەنگدانی یەدەگیش هەن کە بەسەر نزیکەی 41 هەزار وێستگەی دەنگداندا دابەش دەکرێن.ئەم ئامێرانە ئامادە دەبن لەبەر ئەگەری لەکارکەوتنی هەر ئامێرێک یان خراپ بەکارهێنانیان لەلایەن فەرمانبەرانەوە. پرۆسەی گەیاندنیان بۆ بنکەکانی دەنگدانیش بەگوێرەی پلانێکی لۆجستی و ئەمنی دەبێ و 72 کاژێر پێش وادەی دەنگدان دەبێت."
 
عیماد جەمیل راشیگەیاند، "ئامێرەکان لە کۆریای باشوورەوە هێندراون. ئێمە لیژنەی تەکنیکی و شارەزای عێراقیمان هەیە کە پڕۆگرامیان دەکەن بۆ هەڵبژاردن، نەوەک ئەوەی لە کۆریا پرۆگرام بکرێن. ئەم ئامێرانە نوێ نین، بەڵام نوێکراونەتەوە و پەرەیان پێدراوە. ئامێرەکانی دەنگدان بەسەر نزیکەی 8788 بنکەدا دابەش دەکرێن."
 
تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن دووجار تاقیکردنەوەی ئەزموونی بۆ ئامێرەکانی دەنگدان کردوووە. سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن روونیکردەوە: "بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا سێیەم پرۆسە بکرێت، ئەمەش بۆ دڵنیابوونەوەی کۆتاییە لە کارکردنی ئامێرەکان، ناوەندی گواستنەوە و کارکردنی فەرمانبەران لەسەر ئەم ئامێرانە."
 
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن.
 
لە دەستووردا لە بەرامبەر هەر کورسییەک 100 هەزار دەنگ دانراوە، بەڵام بەهای هەر کورسییەکی پەرلەمان بەگوێرەی رێژەی بەشداریی دەنگدەران دەگۆڕدرێت.