کۆمیسیۆن: لە سبەیەوە کارتی بایۆمەتریی دەنگدان دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هاوئاهەنگییان بۆ وەرگرتنی قوتابخانەکان لە 5ی مانگی 11 کردووە و لە سبەیەوە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیش دابەش دەکرێت.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە هاوئاهەنگییان دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی لە رۆژی 5ـی تشرینی دووەمەوە تاوەکو 13ـی هەمان مانگ قوتابخانەکانیان رادەست بکەن، تاوەکو لە رووی تەکنیکی و لۆجیستییەوە بە تەواوی ئامادە بکرێن.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەدا، بۆ رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتی پێویستیان بە نزیکەی 9539 قوتابخانەیە و، "پێویستە پێشوەختە سەرجەمیان ئامادە بکەین."
 
کارتی بایۆمەتری، یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی دەنگدان، کەس ناتوانێت بەبێ ئەو کارتە دەنگ بدات.
 
جومانە غەلای گوتی، "لە سبەیەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە درێژایی رۆژانی هەفتە، لە رێگەی 1079 بنکەی تۆمارکردنەوە، دەست بە دابەشکردنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدەران دەکات."
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ژمارەی دەنگدەران و بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بەم شێوەیە:
 
- کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران: 21,404,291  دەنگدەر
 
- ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی گشتی:  20,063,773 دەنگدەر
 
- ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت: 1,313,980 دەنگدەر
 
- ژمارەی دەنگدەرە ئاوارەکان: 26,538 دەنگدەر
 
- ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی:  8,703 بنکە
 
- ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: 39,285 وێستگە
 
- ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 809 بنکە
 
- ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت: 4,501 وێستگە
 
- ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی ئاوارەکان: 97 بنکە
 
- ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی ئاوارەکان: 321 وێستگە
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەبچێ. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێ کە 320ـیان گشتین و 9 کورسیشیان کۆتان.