وەزارەتی دادی عێراق: سکاڵایەکمان بە بڕی 800 ملیۆن دۆلار بردەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، فەرمانگەی یاسایی وەزارەتەکەیان سێ سکاڵای نێودەوڵەتی یەکلاکردووەتەوە، کە لەلایەن سێ کۆمپانیای هۆڵەندی بە ناوەکانی (ئەپۆلۆ فاشن، پۆڵتری و کۆنتنێنتاڵ کۆنسترەکشن) لە دژی عێراق تۆمارکرابوون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، بەهای داواکاریی کۆمپانیاکان نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام دوای گفتوگۆی یاسایی، بڕی قەرەبووەکە بۆ 80 ملیۆن دۆلار کەمکراوەتەوە، "بەمەش 90%ـی بەهای داواکارییە سەرەکییەکان بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت گەڕێندراوەتەوە."
 
وەزارەتی داد ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەم هەنگاوە بەرهەمی هەوڵی تیمە یاساییە پسپۆڕەکانە لە بەدواداچوونی سکاڵا دەرەکییەکان و پاراستنی مافە داراییەکانی دەوڵەت، کە رەنگدانەوەی سیاسەتی وەزارەتە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانییە داراییەکان، پاراستنی سامانی گشتی و بەهێزکردنی پێگەی یاسایی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی."
 
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کۆمپانیایانە لە کۆتایی ساڵی نەوەدەکان دا لە سەردەمی رژێمی پێشوو لە بواری وەبەرهێنان و بیناسازیدا کاریان کردووە و داوای قەرەبوویان دەکردەوە لەبەر راگیرانی کارەکانیان."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق گوتی، "ئەم ساڵ بەم سکاڵایەشەوە، 38 سکاڵاى نێودەوڵەتیمان بردووەتەوە کە لە دەرەوەى وڵات لە دژى عێراق تۆمارکرابوون."