لە بەغدا کۆمپانیایەک بە پاسپۆرتى هاووڵاتیانەوە تکتى گەشتى ساختە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆمپانیایەکى حەواڵە و ئاڵوگۆڕى دراوى بەغدا، بە پاسپۆرتى هاووڵاتییانەوە تکتى فڕۆکە ساختەکراوە، بۆ ئەوەى لەو رێگەیەوە دۆلار لە بانکى ناوەندى بە نرخى فەرمى وەربگرن. سێ کەس لەسەر ئەو کارە دەستگیرکراون.
رۆژی دووشەممە، 23ى تشرینى یەکەمى 2023، ئاژانسى هەواڵگرى و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، کۆمپانیایەکى حەواڵە و ئاڵوگۆڕى دراو لە بەغدا، تکتى گەشتى فڕۆکەی ساختە کردووە و دۆلاری بە نرخی بانکی ناوەندی پێ وەرگرتووە، ئەویش لە رێگەی بەکارهێنانی پاسپۆرتی چەند هاووڵاتییەک، بەبێ ئەوەی هاووڵاتییەکان ئاگادار بن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان سێ کەسیان دەستگیرکردووە، کە لەو کۆمپانیایەى حەواڵە و ئاڵوگۆڕى دراوە کاریان کردووە و فێڵەکەیان کردووە، لە کاتى دەستگیررکردنیاندا یەک ملیار و 675 ملیۆن دینار و 462 هەزار و244 دۆلار و ئامێرێکى کۆپیکردن و کۆمپیوتەرێکى لاپتۆپ-یان پێ گیراوە کە بۆ کۆپی و ساختەکردنى تکتى گەشتەکان بەکاریان هێناون.
بانکى ناوەندیى عێراق پێنج هەزار دۆلار بە نرخى فەرمى بەو کەسانە دەفرۆشێت کە گەشت بۆ دەرەوەى وڵات دەکەن، بەو مەرجەى بەڵگەنامەى پێویست پێشکەش بە بانکەکە بکەن، لە رێگەى کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى کە بیسەلمێنێت ئەو گەشتە دەکات و ئەو ئاسانکارییە مانگانە یەکجار بۆ هەر گەشتیارێک دەکرێت.
بانکی ناوەندی یەک دۆلار بە 1305 دینار دەفرۆشێت بە گەشتیاران لەکاتێکدا بەهاى دۆلار لە بازاڕى رەشدا نزیکەى 1600 دینارە.