وردەکاریی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان؛ 'نرخەکەی لەنێوان 50 بۆ 150 هەزار دینارە'


رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ گەرمبوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، پرسی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدانیش گەرمتر دەبێ، هەندێك ئەو کارە بە " هەوڵی سووتاندنی دەنگی لایەنی دیکە" دادەنێن و کۆمیسیۆنیش خەڵک دڵنیا دەکاتەوە " کەس ناتوانێ بە کارتی خەڵکی دیکە دەنگبدات.'' 
 
پەرلەمانتارێکی عێراق لە بازنەی نەینەوا ئاشکرای دەکات: "نرخی کارتی دەنگدان لەنێوان 50 بۆ 150 هەزار دینارە.''
 
دێسکی هەڵبژاردنی تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە کردووە، کۆمیسیۆن لایەنەکان و رێکخراوەکانی چاودێریی وردەکاری ئەو پرسە رووندەکەنەوە.
 
'نرخی کارتی دەنگدان لەنێوان 50 بۆ 150 هەزار دینارە'
 
بازنەی نەینەوا یەکێکە لە بازنە گرنگەکانی ئەو هەڵبژاردنە، چونکە کورد، شیعە، سوننە رکابەری لەسەر 34 کورسی بازنەکە دەکەن، کورد و سوننە لە خولەکانی رابردوودا زۆربەی کورسییەکانی پارێزگاکەیان مسۆگەردەکرد، بەڵام ئەمجارە لیستە شیعەکان بە ژمارەی زۆرترەوە هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەر دەدەن .
 
نەینەوا زیاتر لە دوو ملیۆن و 102 هەزار دەنگدەری هەیە، دوای بەغدا زۆرترین دەنگدەر لەو پارێزگایەن ئەوەش وایکردووە رکابەری و ململانێی لایەنەکان تووندتر بێ.
 
ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری ئێستای عێراق و بەربژێری ژمارە 40ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، رۆژی چوارشەممە، 22-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نرخی کارتی دەنگدان لەنەینەوا لەنێوان 50 هەزار بۆ 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێ، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتادا گەیشتبووە 400 هەزار دینار."
 
دەخیل، باسی لە شێوازەکانی کڕین و فرۆشتنەکە کرد و دەڵێ: "بە نهێنی دەکرێت، دەنگدەر ناچار دەکرێ پسوولەی دەنگدانەکەی پێشان بدات یان وێنەی دەنگدانەکەی بگرێت، هەندێک جاریش سوێند دەخوا دەنگی بە لایەنێک و بەربژێری دیاریکراو داوە.''
 
جۆرێکی دیکەی ئامانج و شێوەی کڕینی ئەو دەنگانە بۆ ئەوەیە دەنگی لایەنی بەرامبەر کەمبکرێتەوە و بسووتێنرێت، بەپێی بەدواداچوونی دێسکی هەڵبژاردن لە تۆڕی میدیایی رووداو لایەنەکان کارتی دەنگدانی بایۆمەتریی رکابەرەکانیان دەکڕن و تێکی دەدەن، تاوەکو بەکەڵکی دەنگدان نەمێنێت و ژمارەی دەنگەکانی بەرامبەرەکەیان کەم بکەنەوە.
 
لەنێوان لایەنەکانیشدا مامەڵەی کڕینی دەنگ هەیە 
 
جگە لەو هەوڵەی کڕینی دەنگی خەڵک، هەندێك لایەنیش لەنێوان خۆیاندا مامەڵەی کڕینی دەنگ دەکەن لە سنووری نەینەوا، بەپێی زانیارییەکانی ڤیان دەخیل ئەم کارە هەندێک کات لەنێو بەربژێرانی یەک لیستیشدا دەکرێت، ئەو جەختی لەوە کردەوە کە لە نەینەوا کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان هەیە و تەنانەت ئێستا کارتی دەنگدان بۆ کڕینیش دەستناکەوێت.
 
پەرلەمانتارە ژنە کوردە ئێزدییەکە باسی هۆشداری حیزبەکەی دەکات و دەڵێ: "پارتی دیموکراتی کوردستانیش هۆشداریداوە بە بەربژێرەکانی لە لیستی نەینەوا، هەر بەربژێرێک تێوەبگلێت لەو دۆسیەیە، یەکسەر لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دووردەخرێتەوە و لەلیستەکە دەردەهێنرێت".
 
رێکخراوەکانی چاودێری هەڵبژاردن: 46 کەس لەسەر کڕین و فرۆشتنی دەنگ دەستگیرکراون 
 
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردن، رۆژی چوارشەممە، 22-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدان لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق هەیە و باوە." ئەو ئاشکرای کرد کە لە یەکەمین راپۆرتیاندا ئەو دیاردەیەیان تۆمار کردووە، تاوەکو ئێستا 46 کەس دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان هۆگر چەتۆ، دووپاتی کردەوە کە لە هەرێمی کوردستان کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان نییە و تۆمارنەکراوە.
 
کۆمیسیۆن دڵنیایی دەدات؛' کەس بە کارتی خەڵکی دیکە ناتوانێ دەنگ بدات'
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 22-10-2025، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، پشتڕاستی کردەوە "لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان دەکرێت و زیاتر لە 40 کەسیش لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکراون."
 
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن دڵنیایی دا "هیچ کەسێک ناتوانێت بە کارتێکی دیکە دەنگ بدات، بەڵکو تەنیا خاوەنەکەی دەتوانێت بەکاری بهێنێت و لەکاتی بەکارهێنانیشدا بۆ ماوەی 72 کاژێر لەکار دەکەوێت و ناتوانرێت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە."  عیماد جەمیل، پێیوابوو کڕینی کارتەکان بۆ کەمکردنەوەی دەنگی بەربژێرە رکابەرەکان یان کۆکردنەوەی دەنگدەرانە بۆ دابینکردنی گواستنەوە و شوێن لە رۆژی دەنگداندا.
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن جەختی کردەوە "کڕینی کارتی دەنگدان تاوانە و کۆمیسیۆن و دادگە لێکۆڵینەوە لەو پرسە دەکەن، هەر کەس، بەربژێر، پارت یان هاوپەیمانییەک لەم تاوانە تێوەبگلێت، لە هەڵبژاردن دووردەخرێتەوە."
 
سەبارەت بە هەندێک لایەن کە کۆپیی کارتی دەنگدانی بایۆمەتری لە دەنگدەر وەردەگرن و دەڵێن لە رێگەی بارکۆدەوە دەزانن دەنگدەر دەنگی بە کێ داوە، ئەو بەرپرسەی  کۆمیسیۆن دووپاتیکردەوە "هیچ کەسێک نازانێت دەنگدەر دەنگی بە کێ داوە، ئەمە تەنیا بۆ دروستکردنی گوشارە لەسەر دەنگدەر." هەروەها هێنانی مۆبایل بۆ نێو بنکەکانی دەنگدان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە، بۆ دەستەبەرکردنی پاک و بێگەردیی هەڵبژاردن و پاراستنی دەنگدەر لە ژێر هەر گوشارێکدا.
 
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.
 
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، ژمارەیەک کەسیان بە تۆمەتی کڕینی کارتی دەنگدان و دڕاندنی وێنەی بەربژێرەکان دەستگیرکردووە. هێزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و پێکهاتە ئەمنییەکانی دیکە، لە چەند رۆژی رابردوودا چاودێریی مەیدانیی چڕیان کردووە.
 
لیژنەکە جەختی لەوە کردەوە "ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەس کە تێوەگلاون لە سەرپێچیی هەڵبژاردن، لەوانە کڕینی کارتی دەنگدان و دڕاندنی وێنەی بەربژێرەکان لە چەند ناوچەیەک." ئەم کردەوانە بە سەرپێچی یاسایی و هەوڵێک بۆ تێکدانی کەشی ڕکابەریی دیموکراسی و زیان گەیاندن بە ئاشتی کۆمەڵایەتی و ژینگەی ئەمنیی هەڵبژاردن وەسفکران. لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان دووپاتیشی کردەوە کە رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران گیراوەتەبەر و هەوڵە هەواڵگری و مەیدانییەکان بەردەوامن بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی هەر چالاکییەکی نایاسایی.