زیاتر لە 23 هەزار دەنگدەری کاکەیی هەن؛ 8 بەربژێریان لە سێ پارێزگا چاویان لە سەرکەوتنە
رووداو دیجیتاڵ
کاکەییەکان 8 بەربژێریان لە ناوچە جێناکۆکەکان هەیە، بە گوتەی خۆیان لەو ناوچانە زیاتر لە 23 هەزار دەنگدەریان هەیە، بەربژێرانیان بەسەر هەردوو لیستی یەکێتی و پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دابەش بوون.
کوردانی کاکەیی لە هیچ کام لە لیستەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەربژێریان نییە، ئەگەرچی زۆربەیان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە نیشتەجێن، عاسی فایەق، سەرۆکی رێکخراوی شنروێی کاکەیی بە رووداوی راگەیاند: "کاکەییەکان زیاتر لە ناو پارتەکاندا کاردەکەن نەک بە تەنیا، هیچ بەربژێرێکیان بۆ هەڵبژاردن لە سنووری هەرێمی کوردستان نییە."
بژاردەی کاکەییەکان بۆ خۆبەربژێرکردن لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانە، یەکێتی و پارتی لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە بەربژێریان کردوون.
لە بازنەی پارێزگای دیالە سێ کاکەیی لەنێو لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەربژێرن ئەوانیش لە سیهاک کاکەیی، ئەرکانی کاکەیی، عەدنان کاکەیی.
سیهاک کاکەیی، بەربژێر لە لیستی یەکێتی لە دیالە بە رووداوی راگەیاند: "دەنگدەرانی کاکەیی نزیکەی شەش هەزار کەس دەبن، لە خانەقین و مەندەلی و کەلار نیشتەجێن."
لە سنووری کەرکووکیش کاکەییەکان سێ بەربژێریان هەیە، حەسەن کاکەیی بەربژێرە لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەریەک لە نەجوا کاکەیی و هانا کاکەیی بەربژێرن لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان کە زۆربەیان لە سنووری قەزای داقووقن.
محەممەد ئیبراهیم ئاغا، کوڕی سەرۆک هۆزی کاکەییەکان بە رووداوی راگەیاند: "10 بۆ 11 هەزار دەنگدەری کاکەیی لە کەرکووک هەن."
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی 2023، یەک بەربژێری کاکەیی بە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردرا لە لیستی یەکێتی کە هۆشیار هیجران بوو، 7108 دەنگی بەدەست هێنا.
کاکەییەکان لە نەینەوا دوو بەربژێریان لە ناو لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە کە بە ناوی هاوپەیمانێتی یەکێتی ئەهلی نەینەوایە، هەریەک لە ئەحلام کاکەیی، غازی کاکەیی بەربژێری کوردانی کاکەیین لەو دوو لیستە.
غازی سورچی، گوتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە بە رووداوی راگەیاند: "نزیکەی 7 گوندی کاکەیی لە نەینەوا هەن، لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا وەک یەکێتی سێ هەزار دەنگی کاکەییەکانمان بەدەست هێناوە."
لەنێو لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا بەربژێرێکی کاکەیی هەیە، غازی خەلیل کاکەیی لە ریزبەندی 32ی لیستەکەدایە.
غازی خەلیل کاکەیی بە رووداوی راگەیاند: "بەتێکڕا کاکەییەکان 6 بۆ 8 هەزار دەنگدەریان هەیە، بە دەنگی خۆمان ناتوانین سەرکەوتن بەدەست بهێنین بۆیە پشت بە دەنگی پێکهاتەکانی دیکەش دەبەستین لەوانە شەبەک و کریستیان کە ناوچەکانمان لێوە نزیکن."
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2023ـی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە نەینەوا یەک ئەندامی کوردی کاکەیی توانی سەرکەوێت کە محەممەد کاکەیی بوو لە لیستی یەکێتی و 3738 دەنگی بەدەست هێنا.
لە خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق دوو پەرلەمانتاری کاکەیی هەن کە نەجوا کاکەیی لە لیستی پارتی لە پشکی کەرکووک و ئەحلام کاکەیی لە لیستی یەکێتی لە نەینەوان.