سوودانی: ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەبنە بناخەی سەقامگیری یان لەدەستدانی دەستکەوتەکان

رووداو دیجیتاڵ
 
سوودانی دەڵێت، هەندێک کەس "درۆ و چەواشەکاری و شێواندن" بەکاردەهێنن بۆ کاریگەری خستنە سەر ئەو دەستکەوتانەی بەدیهاتوون.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "شەشەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان، یان ئەنجامەکانی دەبنە بناخەی سەقامگیرییەک، کە پارێزگاری لەوە دەکات لەم ماوەیەدا بەدەستهاتووە، یان پاشەکشە و لەدەستدانی دەستکەوتەکان دەبێت."
 
قسەکانی محەممەد شیاع سوودانی، لەکاتی دانیشتنێکیدا بوو لە بەغدا لەگەڵ شێخ و کەسایەتییەکانی هۆزی ئال ئزێرەج.
 
سوودانی گوتی، "هەندێک کەس درۆ و چەواشەکاری و شێواندن بەکاردەهێنن، لە هەوڵێکدا بۆ کاریگەری خستنە سەر ئەو دەستکەوتانەی بەدیهاتوون و تێکدانی دیمەنەکە."
 
ئاماژەی بەوەش کردووە، "سندووقەکانی دەنگدان بڕیار لەسەر ئیدارەدانی وڵات دەدەن بۆ چوار ساڵی داهاتوو، دەبێت دەنگدەر باشترین کەس هەڵبژێرێت بۆ نوێنەرایەتیکردنی لە ئەنجوومەنی نوێنەران."
 
سوودانی باسی لەوە کردووە کە ئەوان، پارێزگارییان لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق کردووە، "دوور لە هەر هەڵوێستێکی کاردانەوەیی، لەگەڵ پاراستنی هەڵوێستی بنەڕەتیمان بۆ پاڵپشتیکردنی دۆزی فەلەستین."
 
راشیگەیاندووە، "عێراق سەرچاوەی سرووشتی و مرۆیی هەیە کە وای لێدەکات بتوانێت چەندین دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنێت."
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی یەکەمی 2025 ئەنجام دەدرێت.