سبەی ناوی زیاتر لە 11 هەزار دامەزراو لە بەغدا رادەگەیێندرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی دووشەممە ناوی زیاتر لە 11 هەزار کەس بۆ دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست لە پارێزگای بەغدا رابگەیێندرێت.
 
عامر داوود فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا ئەمڕۆ یەکشەممە 23-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 500 هەزار کەس فۆرمی دامەزراندنیان بە ئەلیکترۆنی پڕکردووەتەوە، "هەموو رێکارە کارگێڕی و تەکنییەکان تەواو بوون و دەبووایە زووتر ناوەکان رابگەیێندرانایە."
 
عولا تەمیمی، ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا ئەمڕۆ یەکشەممە 23-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دامەزراندنەکە بە شێوەی گرێبەستە بۆ ماوەی سێ ساڵ و بە مووچەی مانگانەی 300 هەزار دینارە."
 
عەلی خەلیل عامری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کردووە، "سبەی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا و لەبەرچاوی هەمووان، بە شێوەی ئەلیکترۆنی پرۆسەی دیاریکردن و راگەیاندنی ناوەکان بەڕێوەدەچێت."
 
سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی پلە وەزیفییەکان، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا ئاماژەی بەوە کردووە دابەشکردنەکە بەپێی دوو پێوەر دەبێت:
 
- پێوەری گشتیی بڕوانامە: 75% بۆ دەرچووانی دیپلۆم و بەرەو سەرەوە، 25% بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی و خوارتر.
 
- پێوەری تایبەت توێژەکان: 15% بۆ کەسوکاری شەهیدانی حەشدی شەعبی و رژێمی پێشوو، 10% بۆ قوربانیانی تیرۆر، 5% بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت و 2% بۆ پێکهاتەکان.
 
عامر داوود فەیلی، نوێنەری کوردی فەیلی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی یاسا نابێت دامەزراندنەکە بۆ پێکهاتەکان لە 2% کەمتربێت نەک تەنیا 2% بێت، دەکرێت 3 بۆ 5% بێت، بەڵام نابێت لەو رێژەیە کەمتر بێت و کوردانی فەیلی لە چوارچێوەی ئەو 2%ە هەژمار دەکرێن.
 
پارێزگای بەغدا بۆ 43 یەکەی کارگێڕی دابەش کراوە؛ لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە پێکهێندراوە بۆئەوەی پلەکان بەسەر قەزا و ناحیەکاندا دابەش بکرێن، بە رەچاوکردنی چڕیی دانیشتووان و رادەی فەرامۆشکردنی ناوچەکان لەڕووی خزمەتگوزارییەوە.
 
ئەم دامەزراندنانە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی سێ ساڵەی عێراق (ژمارە 13ـی ساڵانی 2023، 2024 و 2025)ـدایە، کە تێیدا 150 هەزار پلەی وەزیفی بە گرێبەست بۆ پارێزگاکانی عێراق تەرخانکراوە.