لە بەغدا دەست بەسەر زیاتر لە 172 تۆن گەنم و خۆراکی ماوەبەسەرچوودا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاوازدا لە بەغدا، لە ماوەی دوو هەفتەدا دەستیان بەسەر 172 تۆن گەنم و مادەی خۆراکیی ماوەبەسەرچوودا گرتووە، چەندین شوێنی بازرگانیی سەرپێچیکاریشیان داخستووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23-11-2025 ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە چوارچێوەی هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک، هێزەکانمان لە بەغدا دەستیان بەسەر 140 تۆن گەنمدا گرت، کە بازرگانیکردن پێیەوە قەدەخەیە."
بە گوتەی ئەرشەد حاکم، ئۆپەراسیۆنەکان دوای چەندین پشکنین و بەدواداچوونی هەواڵگریی ورد کراون، لە ئەنجامدا دەست بەسەر 32 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوودا گیراوە، کە 7 تۆنیان بەهۆی مەترسی لەسەر تەندروستیی گشتی دەستبەجێ لەنێوبراون.
هەر لەو هەڵمەتەدا، هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی دەستیان بەسەر 24 تۆن گۆشتی قاچاخ و نەشیاو بۆ خواردندا گرتووە.
گوتەبێژەکەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی گوتی، "25 کارگە، کۆگا، دووکان و چێشتخانەی سەرپێچیکار دەستنیشانکراون کە مۆڵەتی کارکردنیان نەبووە؛ 12 شوێنیان داخراون و سزادراون و ئەوانی دیکەش ئاگادارکراونەتەوە."
بەگوێرەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، تەنیا لە مانگی رابردوودا دەست بەسەر 200 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوودا گیراوە.