دەستپاکیی عێراق: 665 ملیار دیناری گەندەڵی گەڕێندراوەتەوە و 35 بەرپرسی باڵا دەستگیرکراون


رووداو دیجیتاڵ

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا کاریان لەسەر زیاتر لە 22 هەزار دۆسیەی گەندەڵی کردووە و زیاتر لە 665 ملیار دیناریان بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕاندووەتەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتی نیوەی یەکەمی ساڵی 2025ی دەستەکە، لەو ماوەیەدا کار لەسەر 22,768 دۆسیەی گەندەڵی کراوە و زیاتر لە %70یان یەکلایی کراونەتەوە.
 
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەشکردووە، 973 فەرمانی گرتن دەرچووە و 631یان جێبەجێکراون، کە 35یان بەرپرسی باڵا بوون لە پلەی وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، 8 هەزار و 105 تۆمەتبار کە تێوەگلاون بە کەیسی گەندەڵی، یاسای لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە.
 
سەبارەت بە پارە گەڕێندراوەکان، دەستەکە رایگەیاندووە، کۆی گشتیی پارە ئەو پارانە بریتی بووە لە 592 ملیار و 318 ملیۆن دیناری عێراقی و 52 ملیۆن و 421 هەزار دۆلاری ئەمریکی، کە کۆی گشتیی پارەکە بە دیناری عێراقی دەکاتە 665,707,400,000 دینار
 
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، 83 پڕۆژەی وەستاو لە پارێزگاکانی عێراق دەستنیشانکراون، کە بەهای گرێبەستەکانیان زیاتر لە 801 ملیار دینار و 177 ملیۆن دۆلار بووە.