ئەنجوومەنێک سوننە ناکۆکەکانى یەکخست؛ "ئاڵنگاریى گەورە چاوەڕێیان دەکات"
رووداو دیجیتاڵ
دەستپێخەرییەکى خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانیى سەروەرى، سەرکردەى چوار لە لیستە براوەکانى دیکەى سوننەى لە ماڵەکەى لە بەغدا کۆکردەوە بۆ پێکهێنانى ئەجوومەنێک کە بە گوتەى خۆیان "بۆ یەکڕیزى و بەرگریکردن لە مافى پارێزگاکانیان و شێوازى بەشداریکردن و رۆڵ بینینیانە لە حکومەتى داهاتووى عێراق".
بە گوێرەى راگەیێنراوى کۆتایی کۆبوونەوەى ئەو پێنج لایەنە، رێککەوتوون ئەنجوومەنى سیاسیی نیشتمانى بۆ خۆیان پێکبهێنن، کە بۆ قۆناخى چوار ساڵى داهاتووى خولی شەشەمى پەرلەمان دەبێت.
سەرکردەى هەر پێنج لایەنە سوننەکە پێکەوە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا دەرکەوتن، ئەو دیمەنەى لە خولى رابردوودا نەدەبینرا.
خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانیى سەروەرى کە 9 کورسیی پەرلەمانى بەدەستهێناوە، دواى کۆبوونەوەى ئەو پێنج لایەنە گوتى: "گفتوگۆیەکی قووڵمان کرد بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو و چۆنێتیی پاراستنی پشکی پارێزگاکانمان."
بە گوتەى خەمیس خەنجەر، کۆبوونەوەی بەردەوام دەبن و رێککەوتوون گفتوگۆ لەنێوانیاندا هەبێت بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشانەی ئەگەر هەیە لە داهاتوو رووبدەن."
تەقەدووم، عەزم، حەسم، سەروەرى و جەماوەى نیشتمانى ئەو پێنج لایەنە سوننەیەن کە لەو هاوپەیمانێتییە کۆبوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەى لە قۆناخى بەر لە راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن، لە ناکۆکییەکى توونددا بوون بە تایبەت حەلبووسی و خەنجەر.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پارتى تەقەدووم خاوەنى 27 کورسی خولى نوێى پەرلەمان گوتى: "کۆبوونەوەکە، پێکهێنانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی سیاسیی لێکەوتەوە وەک چەترێکی کۆکەرەوەی ئەم پارتە سەرکەوتووانەی هەڵبژاردن، ئاڵنگاریی زۆرمان لەبەردەمدایە، قۆناخی هەڵبژاردن تێپەڕی، دەبێت پابەندییەکانمان بەرامبەر بە جەماوەرەکەمان جێبەجێ بکەین کە دەنگیان دا."
پارت و هاوپەیمانێتییە سوننەکان زیاتر لە 70 کورسی پەرلەمانیان لە هەڵبژاردنى 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بەدەستهێناوە.
موسەننا سامەڕایی، سەرۆکى هاوپەیمانى عەزم گوتى: "دەبێت یەکبگرین لەو پرسانەى پەیوەنددارن بە کۆمەڵگەکەمان، لەوانە قەرەبووکردنەوە و پارەى تەرخانکراو بۆ پارێزگاکانمان و رۆڵ و بەشدارى کارامان لە حکومەتى داهاتوودا."
ئەو پێکهاتەیە چاویان لەسەر یەکێک لە پۆستە باڵاکان و پشکیانە لە وەزارەتەکانى حکومەتى داهاتوو، کە چاوەڕوان دەکرێت شیعە پێکھێنەرى سەرەکى بێت.
بەدر فەحل، نوێنەرى پارتى جەماوەرى نیشتمانى لەو کۆبوونەوەیە رایگەیاند: پێشتر لە هەڵبژاردندا جیاواز بوون، بەڵام کۆبوونەتەوە بۆ خزمەتکردنى هاووڵاتییانیان.
بەگوتەى پێکهێنەرانى ئەنجوومەنى سیاسیی نیشتمانى، پشکى سوننە لە پۆستەکانى لە حکومەتى داهاتوو، شایستەى دارایی پارێزگا سوننەکان، یەکخستنى هەڵوێستیان، ئامانجى سەرەکیى پێکھێنانى بووە.
سابت عەباسی، سەرۆکى هاوپەیمانىی حەسم گوتى: "ئەوانەى دەنگیان پێداین وایان لێکردین ئەم هەڵوێستەمان هەبێت، ئەمڕۆ قسەمان یەکخست."