کۆمیسیۆن لە نەینەوا: ژماردنی دەستیی دەنگەکان گۆڕانکاری ئەوتۆ بەسەر ئەنجامەکان ناهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئۆفیسی نەینەوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئەنجامی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگی 116 وێستگەکەی نەینەوا 100٪ هاوتا بووە و گۆڕانکاری ئەوتۆ بەسەر ئەنجامەکان ناهێنێت.
سوفیان مەشهەدانی، گوتەبێژی ئۆفیسی نەینەوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی شەممە 23-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئۆفیسی نەینەوا لە دوو رۆژی رابردوودا پێنجشەممە و هەینی، ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکانی بۆ 116 وێستگەی دەنگدان ئەنجامدا بۆ ئەو وێستگانەی کە لە دەنگدانی تایبەت ئەنجامەکانیان رەوانەی بەغدا نەکرابوون، پرۆسەکە تاوەکو کاژێر 10ی شەو بەردەوام بوو، ئەنجامەکانیش 100٪ هاوتابوون.
مەشهەدانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەنجامی جیاکردنەوە و ژماردنی دەستیی دەنگەکان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی دروست نەکردووە چونکە "لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگی بەشداربووانی هێزە ئەمنییەکان بۆ پارێزگاکانی خۆیان دەڕواتەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە دەنگێکی کەمە و بۆ سەر لیستەکانی نەینەوا زیاد دەبێت". گوتیشی، "چاوەڕێ دەکرێت نێوەڕاست یاخود کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەنجامی کۆتایی دەنگدان بە فەرمی رابگەیێندرێت".
گوتەبێژی ئۆفیسی نەینەوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەتیکردەوە دەنگی هیچ بەربژێرێک ون ببێت و دەشڵێت، ئەوەی تێبینیان کردووە، لە دەنگدانی تایبەتدا زۆر دەنگی پووچەڵ هەبوو، هەموو ئەوانەی بەشدارییان کردووە بە دروستی دەنگیان نەداوە، لەوانە لە 350 دەنگدا 90 دەنگیان پووچەڵ بوون.
دوای زیادکردنی دەنگی ئەو وێستگانەی کێشەیان هەبوو لە رۆژی دەنگدانی تایبەت بۆ سەر ئەنجامی بەرایی 94.4٪ی دەنگدانی گشتی، کە 19ی ئەم مانگە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کۆی دەنگەکانی پارتی لە نەینەوا دەبێتە 137,714 دەنگ، دەنگی یەکێتیش دەبێتە 49,505 دەنگ.
تائێستا پارتی 4 کورسی و یەکێتی 2 کورسی بەدەستهێناوە لە کۆی 29 کورسی ئەنجوومەکەنە کە 26یان گشتی و سیانیان کۆتای کریستیان، ئێزدی و شەبەکن. ئەوە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی 2013دا ئەنجوومەنەکە 39 کورسی بوو، پارتی 8 کورسی و یەکێتی 3 کورسی هێنابوو.