لە چوار پارێزگادا لیستە کوردستانییەکان کورسییەکانیان لە 43 کورسییەوە بووە بە 15
رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پێشوو کە ژمارەی کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق زیاتر بووە لە ئێستا، لیستە کوردستانییەکان لەو پارێزگایانەی باشووری کوردستان و عێراق کە هاونیشتمانیانی تێدان، 43 کورسیی ئەنجوومەنەکانیان لابوو، ئێستا لەو ناوچانە خاوەنی 15 کورسین، کە 9 کورسییان بەربژێرانی یەکێتی و شەشەکەی دیکەش بەربژێرانی پارتی بەدەستیان هێناوە.
بەگوێرەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کەم کراونەتەوە، لە کەرکووک پێشتر ئەنجوومەنی پارێزگا 41 کورسی بوو، ئێستا بووە بە 16 کورسی، لە نەینەوا 39 کورسی بوو، ئێستا کراوە بە 29 کورسی؛ کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدینیش لە 29 کورسییەوە کراوە بە 15 کورسی.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، کورسیی لیستە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای کەرکووک لە کۆی 41 کورسی، 26 کورسی بووە، ئێستا لە 16 کورسی حەوت کورسییە. لە پارێزگای نەینەوا پێشتر لە 39 کورسی، کورد 13 کورسی هەبوو، ئێستا لە کۆی 29 کورسی 6 کورسی بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دیالە ئەنجوومەنی پێشوو لە 29 ئەندام سێیان کورد بوون، ئەنجوومەنی نوێی هەڵبژێردراوی ئەو پارێزگایە لە 15 کورسی یەک بەربژێری یەکێتی سەرکەوتووە ئەویش عەرەبە. ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین تەنیا پارێزگایە کورد پێشتر یەک کورسی هەبووە و ئەمساڵیش پارێزگاری لێکردووە.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا لەنێو لایەنە کوردستانییەکاندا تەنیا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کورسییان بەدەستهێناوە، یەکێتی نۆ کورسی و پارتیش شەش کورسی بەدەستهێناوە.
کورسیی لیستە کوردستانییەکانی کەرکووک لە 26 کورسییەوە بۆ 7 کورسی
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005ـی پارێزگای کەرکووک، لیستی برایەتیی کەرکووک کە کورد دروستیکرد، زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو؛ خاوەنی 26 کورسیی ئەنجوومەنەکە بوون لە کۆی 41 کورسی.
شێرزاد عادل، ئەندامی ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ شەممە، 23-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەنێو لیستی برایەتیی کەرکووکدا جگە لە لایەنە کوردستانییەکان، پێکهاتەکانی دیکەش هەبوون؛ کە دوو ئەندامی تورکمان، دووی عەرەب و سێ کەسی کریستیانیشی تێیدا بوون.
ئەم ساڵ لە کەرکووک دوای 18 ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، لەکاتێکدا لە پارێزگاکانی دیکە ساڵی 2013 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تێدا کرابوو.
لە هەڵبژاردنی 18-12-2023ـی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا، تاوەکو دوای نیوەڕۆی هەینی، 22-12-2023، دەنگی لایەنە کوردستانییەکان لە پارێزگاکە بەمشێوەیە بووە؛ یەکێتی 155 هەزار و 48 دەنگ، پارتی 52 هەزار و 65 دەنگ؛ نەوەی نوێ 24 هەزار و 954 دەنگ؛ مەشخەڵ کە یەکگرتوو و کۆمەڵ پێکیانهێنابوو، 6 هەزار و 655 دەنگ و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیش 397 دەنگ، بە کۆی دەنگەکانیشەوە کورد حەوت کورسی بەدەستهێنا، پێنج یەکێتی و دووان پارتی، دەنگی لایەنەکانی دیکە نەگەیشتنە بەدەستهێنانی کورسی و سووتان.
کورسیی کورد لە نەینەوا لە 13 کورسییەوە بووە بە شەش کورسی
ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای نەینەوا 39 ئەندامی هەبوو، گەلاوێژ عەلی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ئەنجوومەنی پێشوودا هەشت ئەندامی کورد لە لسیتی پارتی دیموکراتی کوردستان و سێ ئەندامی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان هەبوون، هەروەها ئەندامێکی ئەنجوومەن لە کوردانی ئێزدی و ئەندامێکیش لە کوردانی شەبەک بوون.
بەگوێرەی یاسای نوێی هەڵبژاردن، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 29 ئەندامی دەبێت، کە سیانیان کۆتای کریستیانن، لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا کورد 6 کورسی بەدەستهێناوە، چوار کورسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوو کورسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
دەنگەکانی پارتی تاوەکو دوای نیوەڕۆی دوێنێ هەینی لە نەینەوا 137 هەزار و 714 دەنگ بوو؛ یەکێتیش 49 هەزار و 505 دەنگی بەدەستهێناوە.
لە دیالە کورسیی کورد لە سێ کورسییەوە بووە بە یەک کورسی
لە پارێزگای دیالەش گۆڕانکاری بەسەر کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکەدا هاتووە و لە 29 کورسییەوە کەمکراوەتەوە بۆ 15 کورسی، پێشتر کورد سێ کورسی هەبووە و ئێستا یەک کورسی بەدەستهێناوە کە بەربژێرێکی عەرەبە لە لیستی یەکێتی ینیشتمانیی کوردستان.
بەرپرسێکی باڵای یەکێتی لە خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەڵبژاردنی رابردوو ئێمە و پارتی پێکەوە بەشداریمان کرد و سێ کورسیمان بەدەستهێنا؛ دوو یەکێتی و یەکێکی پارتی. ئەمساڵیش وەکو دەنگ دەنگی کورد کەمی نەکردووە و زیاتریش بووە، تەنیا یەکێتی 8 هەزار دەنگ زیادیکردووە".
لە سەلاحەدین پارێزگاری لە تەنیا کورسییەکەی کورد کراوە
لە پارێزگای سەلاحەدین کە قەزای خوورماتووی باشووری کوردستان لە رووی کارگێڕییەوە سەر بەو قەزایەیە، کورد پارێزگاری لە کورسییەکەی پێشتری کردووە.
مەلا حەسەن گەرمیانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای سەڵاحەدین لە لیستی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای سەڵاحەدین 29 کورسی بوو، کورد یەک کورسی هەبوو، ئەم ساڵ بە یاسا نوێیەکە، کورسیی ئەنجوومەنەکە کەمکراوەتەوە بۆ 15 کورسی و کورد پارێزگاری لە کورسییەکەی کردووە و کورسییەکی مسۆگەر کردووە، کە بەربژێرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکەوتووە".